ئیسماعیل بەقایی: لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لێپرسینەوە لە ئەمەریکا دەکەین
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەر دانوستانێکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا، لەسەر هێرشکردنە سەر بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی تاران لێپرسینەوە لە واشنتن دەکەن.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی ئابی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لە هەر دانوستانێکی داهاتوو لەگەڵ ئەمەریکا، بەهۆی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێمە لێپرسینەوە لەو وڵاتە دەکەین و داوای قەرەبووی زیانەکانیش دەکەین
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتی کردەوە کە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا بکەن.
ئیسماعیل بەقایی باسی لەوەش کرد، ئێران بە پەیماننامەی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم پابەندە، بەڵام کارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە نا پیشەیانە و سیاسییانە زانی و پشتڕاستیشی کردەوە کە شاندێکی ئەو ئاژانسە لە 10 ڕۆژی داهاتوو سەردانی وڵاتەکەی دەکات.
چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاوی کردەوە، هەفتەی داهاتوو شاندێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ یەکەم جار دوای جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران سەردانی تاران دەکات.
شەممە 2ـی ئابی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە ڕۆژنامەی فاینێنشیاڵ تایمزی ڕاگەیاندبوو: لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەسەر میکانیزمێکی نوێی کارکردن ڕێککەوتوون.
ڕۆژی یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئەمەریکا بە ژمارەیەک بۆمبی وێرانکەر و مووشەکی تۆماهۆکی لە ژێر دەریاییەوە هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)یان لە ناوخۆی ئێران بە ئامانج گرت.