جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران نەهامەتیی بەدوای خۆیدا هێنا

جەنگی عێراق و ئێران درێژترین شەڕی سەدەی بیستەم، بە یەک لە خوێناویترین و قوڕسترین شەڕەکان لە ڕووی ئابووری و مرۆییەوە دەناسرێت.

جەنگەکە لە 22 ئەیلوولی 1980 دەستی پێکرد، کاتێک هێزەکانی عێراق بە درێژایی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات،هێرشیان کردە سەر رۆژئاوای ئێران، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ڕژێمی پێشووی عێراق ڕایگەیاندبوو،  لە 4 ی مانگی 9 ـی ئەو ساڵە، جەنگەکە دەستیپێکردووە، کاتێک ئێران ژمارەیەک خاڵی سنووری عێراقی بۆردومان کردووە.

جەنگەکە لە 8ـی 8ـی ساڵی 1988 بە ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات کۆتایی هات، هەرچەندە هێزەکان کشانەوە و گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی پێش جەنگ، بەڵام هەتا 16 ئابی 1990 لایەنەکان رێککەوتنێکی فەرمییان واژۆ نەکرد.

نزیکەی 1.1 ملیۆن کەس لە جەنگی ئێران و عێراقدا کوژران، 340 هەزار سەربازی عێراقی و نزیکەی 730 هەزار سەربازی ئێرانیش کوژران،هەروەها زیانە ماددیەکانیش بە چوار سەد ملیار دۆلاری ئەمەریکی دەخەملێنرێت.

دوای 37 ساڵ لە کۆتایی هاتنی جەنگی نێوان عێراق و ئێران و کەوتنی ڕژێمی سەددام حوسێن، عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری و ئەمنیی سەخت بووەوە، بەشێوەیەک ڕۆژانە دانیشتووانی پارێزگا و ناوچە جیاوازەکانی عێراق لە نەبوونی خزمەتگوزاریی و بێکاری دەرچووانی، بڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەت بکەن، سەرباری ئەوەی، بەهۆی سپیکردنەوەی پارە و گواستنەوەی نایاسایی ملیاران دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات، چەندین دامەزراوەی عێراقی لەلایەن ئەمەریکاوە سزادران، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەمەریکا، ڕۆژ دوای ڕۆژ سزاکانی بۆ سەر ئێران توندتر دەکات بە تۆمەتی ئەوەی پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکانی دژ بە ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات، لە کاتێکدا مەبەستییەتی لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی ئەتۆمیی بگاتە ڕێککەوتنی کۆتایی.

 لەسەر پرسی بەندەری خۆر عەبدوڵڵا، ڕێڕەوی ئاوی نێوان عێراق و کوەیتیش کە پەیوەستە بە سنوورەکانی ئێرانیش، کێشە کەوتە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بەشێوەیەک کێشەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە دادگای فیدراڵی کرد، بەهۆی چەند سکاڵایەک لە سەر ڕێککەوتنی ڕێڕەوەکە، سەرۆکی دادگای فیدراڵی بە نووسراوی فەرمی داوای لە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار کرد، ئەو پرسە لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت یەکلا بکەنەوە، ئەمەش توڕەیی ئەندامانی دادگای فیدراڵی لێکەوتەوە و بە دەستێوردانی سیاسیی بۆ کاروباری وەسفیان کرد، بەو هۆیەوە شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگ دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کرد.

ڕۆژی 4ـی ئەیلولی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی یاسای 42ی ساڵی 2013ی، یاسای پەسەندکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی کۆماری عێراق و حکوومەتی کوەیت سەبارەت بە ڕێکخستنی کەشتیوانی دەریایی لە خۆر عەبدوڵڵا، بە نادەستووری ڕاگەیاند.

بەندەری خۆر عەبدوڵڵا رێڕەوێکی ئاوییە کە دەکەوێتە نێوان عێراق و کوەیت لەسەر کەنداوی عەرەبی، ئەم بەندەرە بۆ هەردوو وڵات گرنگە و هەر ئەمەش وایکرد ناکۆکییان هەبێت لەسەری و لە ساڵی 2013 لەدوای گفتوگۆیەکی زۆر لەنێوان هەردوو حکومەت بە ئامانجی رێکخستنى جوڵەى دەریاوانى رێککەوتنی "خۆر عەبدوڵڵا" لەنێوان هەردوو حکومەت واژۆکرا، هەر لە سەرەتاوە رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا ناڕەزایەتی لێکەوتەوە، رەخنەی ئەوە لە رێککەوتنەکە گیرا کە بەشی ئاوی عێراق دراوە بە كوەیت.