سبەی پێکهاتەکانی سووریا لە برۆکسل باسی فیدراڵی دەکەن
سبەی یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، ، بە ئامانجی دۆزینەوەی میکانیزمی هەماهەنگی نێوان پێکهاتەکانی سووریا و دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی فراوان لەسەر بنەمای فیدراڵی و هاوبەشی و فرەیی، لێژنەی هەماهەنگی پێکهاتەکانی سووریا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆدەبێتەوە.
لێژنەی هەماهەنگی پێکهاتەکانی سووریا لە 8ـی ئازاردا پێکهێنرا، لێژنەکە لە دەستپێشخەرانی مەدەنی و سیاسی سووریا پێکهاتووە، ئەوان کار بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک لە هەماهەنگی نێوان پێکهاتەکانی سووریادا دەکەن.
مونا غانم، ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، ئەو کۆبوونەوە ئامادەکارییە کە لەژێر ناونیشانی "دەستپێشخەریی دیالۆگ سەبارەت بە فیدراڵیزم و دیموکراسی لە سوریا" بەڕێوە دەچێت، هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە ڕێگاکانی دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانیی فراوان لەسەر بنەمای فیدراڵیزم و هاوبەشی و فرەیی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی وادەی بەستنی کۆنفرانسی گشتی لە شاری قامیشلۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاش دەکرێت.
مونا غانم ئاماژەی بەوەشکرد، "لیژنەکە لە چالاکوانان و ڕۆشنبیران و کەسایەتییەکان پێکدێت کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی سووریا دەکەن، لەوانە کورد، عەلەوی، درووز، سوننە، سریانی، ئاشووری، ئەرمەنی، ئیسماعیلی، تورکمان، شەرکەسی کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵیان لە مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیی سووریادا هەیە".
غانم ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بنەما سەرەکیانەی کە لەلایەن لێژنەی هەماهەنگی پێکهاتەکانی سووریاوە پەسەندکراون، جەخت لە یەکگرتوویی خاک و گەلی سووریا دەکەنەوە، هاوکات لەڕووی دەستوورییەوە دان بە فرەچەشنی نەتەوەیی، ئایینی، تایفی و کولتوورییەوە دەنێن، "وەک سەرچاوەی سامان و هێز، نەک هۆکارێک بۆ دابەشبوون یان ململانێ".
دکتۆر مونا غانم، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری ڕوونی کردەوە، لێژنەکە دان بە مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریادا دەنێت و پابەندە بە دەوڵەتێک کە لەسەر بنەمای سەروەری یاسا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە گشتیەکان دامەزرا بێت.
بڕیارە بەیاننامەیەک سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە بەناونیشانی "کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ دەستپێشخەریی دیالۆگ سەبارەت بە فیدراڵیزم و دیموکراسی لە سوریا" لە کۆتایی کۆبوونەوەکە بڵاوبکرێتەوە.