ترەمپ و ناتانیاهۆ پرسی کۆنترۆڵکردنی غەززەیان تاوتوێ کرد
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی کۆنترۆڵکردنی تەواوی غەززە، کۆتاییهێنان بە شەڕ و شکستهێنان بە حەماس گفتوگۆیان کردووە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفۆن پلانی کۆنترۆڵکردنی غەززەیان تاوتوێ کرد.
هەروەها ئاماژەشی داوە، گفتوگۆیان لە بارەی ئازادکردنی دیلەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە کردووە. هاوکات ناتانیاهۆ سوپاسی پشتگیرییە بەردەوامەکەی دۆناڵد ترەمپی کردووە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، ئاماژەی بەوە دا، حەماس ڕەتی دەکاتەوە چەک دابنێت، بۆیە ئێمەش درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە کەرتی غەززە دەدەین. گوتیشی نامانەوێت کەرتی غەززە داگیر بکەین بەڵکوو دەمانەوێت ڕزگاری بکەین و ئیدارەیەکی مەدەنی لە غەززە دابمەزرێت.
جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر حەماس چەک دابنێت سبەی شەڕ کۆتایی دێت. هاوکات ڕەتیشی کردەوە کە حەماس ڕۆڵی لە حکوومەتی داهاتووی غەززە هەبێت.
لە بارەی بارمتەکانەوە، ناتانیاهۆ، باسی لەوە کرد، لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی غەززە سەرجەم بارمتەکان ڕزگار دەکەن، بەڵام بەداخەوە ئەگەر بە خێرایی ئەو کارە نەکەن زۆرێک لە بارمتەکان لەوانەیە لە برسێتییان بمرن.
ڕۆژی هەینی 8ی ئابی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ئەنجوومەنی ئاسایش، پێشنیازی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسەند کرد.