ترەمپ: ئەگەر کۆبوونەوەم لەگەڵ پوتن باش بێت، کۆبوونەوەیەک لە نێوان پوتن و زێلێنسکی ڕێکدەخەین

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی لەگەڵ پوتن هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات، ئەگەر کۆبوونەوەکە باش بەڕێوەچوو، ئەوا گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی بەڕێوە دەچێت.

چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەگەر کۆبوونەوەی یەکەم باش بەڕێوەچوو، ئەوا بە خێرایی و دەستبەجێ کۆبوونەوەی دووەممان لە نێوان پوتن و زێلێنسکی دەبێت، ئەگەر بیانەوێت من بەشداربم، ئەو کات منیش بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەم.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، کۆبوونەوەی یەکەم بۆ دانانی بناغەی کۆبوونەوەی دووەم دەبێت، هاوکات ڕەنگە هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەش نەبێت، چونکە ئەگەر وەڵامی گونجاوم دەست نەکەوێت، ئەوە هیچ گەڕێکی دیکە بەڕێوە ناچێت. ئاماژەشی دا، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی تەنیا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات.

دووپاتیشی کردەوە، دوای کۆبوونەوەکە پەیوەندی بە سەرکردەکانی ئەورووپا و زێلێنسکی دەکات، باسیشی لەوە کرد، ئەگەر ڕووسیا بە ڕاگرتنی شەڕ ڕازی نەبێت، ئەوا دەرەنجامێکی زۆر خراپی بۆ ئەو وڵاتە دەبێت.

ترەمپ دەشڵێت: هەرچەندە ئەو سەربازانی کە لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکوژرێن ئەمەریکی نین، بەڵام من هەوڵدەدەم ئەو جەنگە بووەستێنم، هەر وەکوو لە ماوەی ڕابردوو دا پێنج جەنگم وەساتندن، بەتایبەت جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران.

کاتێک ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری لێکرد کە ئایا پێی وایە دەتوانێت لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینیدا، پوتن ڕازی بکات کە واز لە ئامانج گرتنی هاووڵاتییانی مەدەنی بهێنێت، ترەمپ گوتی: پێشتر گفتوگۆی باشم لەگەڵ پوتن کردووە، بەڵام، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنەکە لە هەواڵەکانم دەبیست ڕووسیا هێرشی کردووتە سەر ئۆکرانیا، بۆیە پێم وایە وەڵامەکەی نەخێرە.