ئەمەل جەلال: پۆلیسی گەشتیاری بۆ ناوچە گەشتیارییەکان دادەنرێن

ئەمەل جەلال
ئەمەل جەلال

بەڕێوەبەری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە ئامانجی ئەوەی ببێتە جێگرەوەی لیژنە جیاوازەكانی ئێستا کە بەدواداچوون و پشکنین دەکەن بۆچاودێریكردنی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵی دامەزراندنی 175 پۆلیسی گەشتیارین.

شەممە، 16ـی ئابی 2025، ئەمەل جەلال، بەڕێوەبەری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند:  ئەو شوێنانەی زۆرترین گەشتیاری ناوخۆی و بیانی سەردانی دەکەن، پێویستە پۆلیسی تایبەت دابمەزرێنین، ئێستا لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوەخۆ لە هەوڵی دامەزراندنی 175 کەسداین.

گوتیشی: لە قۆناغی یەکەمدا 175 پۆلیسی گەشتیاری دادەمەزرێندرێن و  دواتر هەوڵدەدەین ژمارەیان زیاتر بکەین.

بەڕێوەبەری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، بەر لە كۆتاییهاتنی ساڵی ڕابردوو، هەوڵدرا یەكەیەكی تایبەت بە پۆلیسی گەشتیاری دروستبكرێت، 175 دەرچووی ئامادەیی و پەیمانگەکان چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە و ڕەزامەندیی سەرەتایی بۆ دامەزراندنیان وەرگیراوە، بەڵام ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا پەیوەست بە جێگیربوونی ڕێژەی میلاكات، گرفتی بۆ دامەزراندنیان دروستكرد.

باسی لەوەشكردووە، پۆلیسی گەشتیاری لە ڕووی میلاكەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەبێت، كارەكانیان دەستەی گەشتوگوزار دیاری دەكات و پێكدێت لە چاودێریكردنی ناوچە گەشتیارییەكان و بەدواداچوون، لەگەڵ تیمەكانی پشكنین.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگی و بایەخی زۆر بە کەرتی گەشتیاری دراوە، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی کەرتەکە وەکو سەرچاوەیەکی داهات سوودی لێببیندرێت، ئێستا 700 کۆمپانیای تایبەت بە کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان هەن و ئەو کۆمپانیانە ڕۆژانە لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق و دەرەوە گەشتیار دەهێننە ھەرێمی کوردستان.