فەرەنسا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خوار 15 ساڵ قەدەخە دەکات

پەرلەمانی فەرەنسا بڕیارە یاسایەکی نوێ پەسەند بکات کە تێیدا بە فەرمی رێگری لە منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ دەکات تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تیکتۆک، سناپچات و ئینستاگرام بەکاربهێنن و هەژمار دروست بکەن ، کە ئەمەش وەک یەکێک لە چاکسازییە سەرەکییەکانی خولی کۆتایی سەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن هەژمار دەکرێت.

سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا بە 243 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە تەنیا 2 دەنگی نەخێر، پڕۆژەیاسای قەدەخەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ پەسەندکرد، و چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمڕۆش لە لایەن پەرلەمانی فەرەنساوە (کۆمەڵەی نیشتمانی) بە فەرمی یاساکە پەسەند بکرێت.

ئان لۆ هێنانف، وەزیری دۆسیەی دیجیتاڵیی فەرەنسا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "فەرەنسا دەبێتە یەکەم وڵات لە ئەوروپادا کە تەمەنێکی دیجیتاڵی دیاری دەکات بۆ پاراستنی باشتر و سەلامەتری منداڵانمان لە جیهانی ئۆنلایندا."

بەپێی دەقی یاساکە، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بە دوو قۆناخ دەبێت:

1. لە ئەیلوولی ئەمساڵەوە، منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ ناتوانن هەژماری نوێ دروست بکەن.

2. لە کانوونی دووەمی 2027ەوە، بڕیارەکە بەسەر سەرجەم هەژمارە کۆنەکانیشدا جێبەجێ دەکرێت و هەر هەژمارێک تەمەنی خاوەنەکەی لە خوار 15 ساڵ بێت دادەخرێت.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، بەڵێنیداوە بڕیارەکە تا مانگی ئەیلوول جێبەجێ بکات، کە هاوکاتە لەگەڵ بڕیارێکی تری یاساکە بۆ قەدەخەکردنی هێنانی مۆبایل بۆ ناو قوتابخانە ناوەندی و ئامادەییەکان لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندندا لە فەرەنسا.

رێکارەکە بەهۆی هۆشدارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی گشتیی فەرەنساوە هاتووە کە تۆڕەکانی وەک تیکتۆک، سناپچات و ئینستاگرام بە هۆکاری تێکچوونی باری دەروونیی مێردمنداڵان دادەنێت. بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، لە ماوەی چوار مانگی داهاتوودا سەرجەم بەکارهێنەران لە فەرەنسا دەبێت تەمەنی راستەقینەی خۆیان بسەلمێنن، و پلاتفۆرمەکان خۆیان بەرپرسیار دەبن لە بەدواداچوونی تەمەنی بەکارهێنەران لەگەڵ پاراستنی داتای کەسیی هاووڵاتییان.

ئەم یاسا نوێیەی فەرەنسا لە لایەن وڵاتانی تری ئەوروپاوە بە وردی چاودێری دەکرێت، چونکە چەندین وڵاتی دیکەی یەکێتی ئەوروپا وەک یۆنان و ئیسپانیا دەیانەوێت هەمان رێکار بگرنەبەر بۆ پاراستنی منداڵەکانیان.

پێشتر لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، ئوسترالیا بووە یەکەم وڵات لە جیهاندا کە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ بە تەواوی قەدەخە کرد.