ئاگر لە پوش و پاوانی هەڵەبجە کەوتەوە و کەسێک گیانی لەدەستدا
شەوی رابردوو، ئاگر لە پوش و پاوانی گوندی چنار و مۆردین کەوتەوە، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون، پەیامنێری کوردستان24ـیش ئاشکرای دەکات، قایمقامی هەڵەبجە هەوڵیداوە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، کەچی تووشی هەناسەتەنگی بووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
پەیامنێری کوردستان24 لە هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەند تیمەکانی بەرگریی زوو گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام ئەو گەنجانەی هەوڵیاندابوو خۆبەخشانە بەر لە گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی بگەنە شوێنی ڕووداو، ئاگرەکە بکوژێننەوە، گەنجێکی تەمەن( 28) ساڵ بەناوی ئاری موختار دەکەوێتە نزمایی ناوچەکە و بەهۆی ڕەشەباوە، ئاگرەکە بەشێکی جەستەی دەسوتێنێت، پاش ئەوەی گەیەندرایە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەی، گیانی لەدەستدا.
پەیامنێری کوردستان24 ڕایدەگەیەنێت: سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە هەوڵیداوە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام دوای مانەوەی لەناو ئاگرەکە تەندروستی تێکچووە و توشی هەناسە توندی بووە، بۆیە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە، ئێستا تەندروستی جێگیرە.