پڕۆژەیەک 100 گوندی چۆڵکراوی ئامێدی ئاوەدان دەکاتەوە

پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی باڵندا و پردی سیدا لە دەڤەری 'نێروە و ڕێکان' لە سنووری قەزای ئامێدی، لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە.

ئەم پڕۆژەیە، هیوا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی زیاتر لە 100 گوندی دەڤەری 'نێروە و ڕێکان' زیندوو دەکاتەوە، کە ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

ڕێگەکە کە درێژییەکەی زیاتر لە 12 کیلۆمەترە، وەک دەمارێکی ژیان بەم ناوچەیەدا تێدەپەڕێت و بووەتە مایەی خۆشحاڵییەکی زۆری دانیشتووانەکەی. 

عەبدولقادر سیتەیی، یەکێک لە هاووڵاتییانی ناوچەکە، بە چەکدار جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "زۆر دڵخۆشین کە دروستکردنی ئەم ڕێگەیە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی. هیوادارین نەک تەنها لێرە، بەڵکو لە هەموو کوردستان شەڕ نەمێنێت." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 12 ساڵە نەیتوانیوە بگەڕێتەوە گوندەکەی خۆی و ئەمڕۆ هەست بە ئازادی دەکات.

ئازاد ئورەماری، هاووڵاتییەکی دیکەی ناوچەکەیە و دەڵێت: "زۆر دڵخۆشین، چونکە چەندین ساڵە لەم ناوچەیە لە بارودۆخێکی زۆر خراپداین. ئەم ڕێگەیە چەندین گوند پێکەوە دەبەستێتەوە. بە کرانەوەی ئەم ڕێگەیە، خەڵک دەگەڕێتەوە سەر گوندەکانی خۆی و دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری."

پرۆژەکە بە گوژمەی زیاتر لە 20 ملیار دینار لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێت و کۆمپانیای "کاڤین گرووپ" کاری دروستکردنەکەی لە ئەستۆ گرتووە. سەرەڕای بوونی هەندێک ئاستەنگ، تا ئێستا زیاتر لە 87%ی کارەکانی پرۆژەکە تەواو بووە.

نەورۆز محەممەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، ڕایگەیاند: "لە کۆی 12 کیلۆمەتر، تەنها چوار کیلۆمەتری ماوە، کە زۆربەی کارەکانی تەواو بووە و تەنها قیڕتاوکردنی ماوە. لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە قیڕتاوکردنی ئەو بەشەش دەکەین." هەروەها گوتی: "پێشبینی دەکەین پرۆژەکە زووتر لە وادەی دیاریکراوی خۆی و بە نزیکەی نیوەی ماوەکە تەواو بێت."

پرۆژەی ڕێگەی باڵندا-سیدا لە ئەیلوولی ساڵی 2024 دەستی پێکرد و تا ئێستا نزیکەی هەشت کیلۆمەتری قیرتاو کراوە. ئەم پرۆژەیە بە یەکێک لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، کە جگە لە گەڕاندنەوەی ژیان بۆ سەدان گوند، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری لەم ناوچە دڵڕفێنەی کوردستاندا دەبێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment