دوور لە سیاسەت ڕووداوەکەی لالەزار لەچاوی خەڵکەوە
بەهۆی ڕووداوەکەی لالەزار،شاری سلێمانی شەوێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێی بەڕێکرد و ئارامیی شارەکەی شێواند. لە ڕووداوەکە هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبوو قوربانی، بەڵام زیانی ماددیی بە چەندین ماڵ و شوێنی گشتی گەیاند و کاریگەرییەکی دەروونیی قووڵی لەسەر دانیشتووان، بەتایبەتی منداڵان و ئەو گەشتیارانە جێهێشت کە لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە بوون.
نەهرۆ شوان، منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵانە کە لەگەڵ خێزانەکەی لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە بووەن، بە ترسەوە باسی ئەو شەوە دەکات و بە کوردستان24 گوت: "ئێمە خەوتبووین، لەسەر دەنگی تەقەکان خەبەرمان بووەوە و ڕامانکردە لای باپیرمان. ترسناکترین شتی هەموو دنیا بوو."
یەکێک لەو شوێنانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، هۆتێلێکی نزیک ڕووداوی تەقەکردنەکە بووە کە زیاتر لە 200 گەشتیاری تێدا بووە. داریوش محەممەد، سەرپەرشتیاری هۆتێلەکە، باس لەوە دەکات کە لە کاتی ڕووداوەکەدا 160 کەس لە هۆتێلەکەدا بوون کە زۆربەیان ژن و منداڵ و بەتەمەن بوون و لە گەشتیارانی ئێرانی و عەرەب پێکهاتبوون. دەشڵێت: کارەبای هۆتێلەکە کوژایەوە و بەبێ بەکارهێنانی (مەسعەد)، بە پەلەپەل و هاوار هاوار خەڵکەکەمان لە چوار نهۆم هێنایە خوارەوە. دۆخێکی زۆر ناخۆش بوو."
هەروەها، سێ پاسی گەشتیاری کە لە بەردەم هۆتێلەکەدا ڕاگیرابوون، بەهۆی تەقەکانەوە جامەکانیان شکێنران. حەبیب ڕەزاق، شۆفێری یەکێک لە پاسەکان، دەڵێت: ئەمە یەکەم جارمان بوو بە گرووپ بێین بۆ سلێمانی، تا بەیانی لە ژێر زەمینی هۆتێلەکەدا ماینەوە و بارودۆخمان زۆر خراپ بوو."
سیروان مستەفا، سەرپەرشتیاری گرووپێکی گەشتیاری، گلەیی لەوە دەکات کە چەندین ڕۆژە کەس بەدەم زیانلێکەوتووانەوە نەهاتووە و ئاماژەی دا، خەڵک لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دێن بۆ هەرێمی کوردستان چونکە ئارام و سەقامگیرە، کەچی تووشی ئەم کارەسات بوون.
لەدوای ڕووداوەکە، تیمێکی چاککردنەوە دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی زیانەکان کردووە. هاوڕێ دانا، لێپرسراوی تیمەکە، ڕایگەیاند کە نزیکەی 50 بۆ 60 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە و ئەوان بەردەوامن لە چاککردنەوەی هەموو زیانەکان، لە بچووکترینەوە تا گەورەترین.
هەرچەندە زیانە ماددییەکان قەرەبوو دەکرێنەوە، بەڵام برینە دەروونییەکان و پرسیارە بێوەڵامەکان لە یادەوەریی دانیشتووان و گەشتیاراندا دەمێننەوە.