لە چۆمان مین بە هاووڵاتییەکدا تەقییەوە و گیانی لەدەستدا

داونیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، لە کوێستانی "خواری میران" لە بناری چیای هەڵگورد، لە سنووری قەزای چۆمان، ژمارەیەک مین بە چەند هاووڵاتییەکدا تەقینەوە.
محەممەد جەبار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان بە تەیفوور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، یەكێک لەو هاووڵاتییانەی بەر مین کەوتووە و گیانی لە دەست داوە؛ ناوی "کارزان میرزا"ـیە و تەمەنی 25 ساڵە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان باسی لەوەش کرد، بەرکەوتووانی ڕووداوەکە خەڵکی گوندی "ناوەندە"ـی دەڤەری باڵەکایەتین و تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.
محەممەد جەبار ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو مینانەی تەقیونەتەوە، پاشماوەی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێرانن.
بە گوێرەی ئامارەکانی دەزگای گشتیی کاروبارەکانی مین - هەولێر، ئەمساڵ 13 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان، بەر مین کەوتوون؛ شەشیان گیانیان لە دەست داوە و حەوت دیکەشیان بریندار و کەمئەندام بوون.