ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە گەشتیاریی پاییزە دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی دا، ئامادەکارییەکانیان بۆ پێشوازی لە وەرزی گەشتیاریی پاییز دەستپێکردووە و پلانی تایبەتیان هەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری کەرتی گەشتیاری لە سنوورەکەدا.

فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە کوردستان24 گوت: سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەهۆی سروشتە جیاوازەکەیەوە، ناوچەیەکی گەشتیاریی چوار وەرزەیە و لە هەموو وەرزەکاندا پێشوازی لە گەشتیاران دەکات.

ئاماژەشی دا، وەرزی گەشتیاریی هاوین بە سەرکەوتوویی بەڕێکرا و ڕێژەیەکی بەرچاو گەشتیار ڕوویان لە ناوچەکە کرد. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی 800 بۆ 900 هەزار گەشتیار سەردانی سنووری ئیدارەی سۆرانیان کردووە، کە 70%یان گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون.

سەبارەت بە پلانی پاییزە، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران ڕایگەیاند کە چەندین چالاکییان لەبەرچاو گرتووە، لەوانە، فیستیڤاڵی ساڵانەی گەشتی پاییزە، کە لە ناوچەی چۆمان بەڕێوەدەچێت و تایبەت کراوە بە گرووپە شاخەوانییەکان، هاوکات پێشبڕکێی فۆتۆگرافی، بۆ وێنەگرتنی جوانترین دیمەنەکانی سروشتی پاییز لە ناوچەکە و هەڵبژاردنی باشترین وێنەکان.

جەختیشی کردەوە کە "ماستەرپلانی گەشتیاری" کە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی دەکرێت، کاریگەرییەکی ئەرێنی و گەورەی دەبێت لەسەر پێشخستنی کەرتی گەشتیاری لە سۆران و تەواوی هەرێمی کوردستان، چونکە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پلانەکە پاراستنی ژینگە و سروشتی ناوچەکەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چەندین شوێنی گەشتیاری هەیە، لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا گەشتیاران ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت: "هەر ناوچەیەک کە سەر بە قەزای سۆرانە تایبەتمەندی خۆی هەیە و بەردەوام هەر چوار وەرزە ئەو ناوچانە دیمەنی دڵڕفێنی هەیە و بەسەدان گەشتیار ڕووی تێدەکەن".

هاوکات فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران بە ماڵپەڕی کوردستان 24ی ڕاگەیاند: ئێمە لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆر بە کەرتی گەشتوگوزار دەدین، بەتایبەت هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە کە هەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیار ڕوو لە ناوچەکانمان بکات، ساڵ دوای ساڵیش ژمارەی گەشتیاران زیاتر دەبێت.

فەیسەڵ سادق گوتیشی: تەنیا لەم هەشت مانگەدا زیاتر لە 800 هەزار گەشتیار کە زۆربەیان خەڵکی عێراق و خوارووی عێراقن و بەشێکیشیان کەسانی بیانین سەردانی سۆرانیان کردووە.

لەبارەی ڕێگاوبانەوە فەیسەڵ سادق ڕایگەیاند: چاککردنی ڕێگاوبانەکانی ناوچەکە و دابینکردنی پاس، هۆکارێکی دیکەی گرنگی ڕاکێشانی گەشتیارە لە قەزای سۆران.

ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سۆران، وەک جوندیان، باڵەکایەتی، سیدەکان و خەلیفان، بەهۆی کەشوهەوا فێنک و سروشتە دڵڕفێنەکەیانەوە، بوونەتە مەڵبەندێکی گرنگی گەشتیاری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.

 
 
Fly Erbil Advertisment