31 کەسی دیکە لە هەرێمی کوردستان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
K24 - هەولێر
ئاماری نوێی مردن بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە گەیشتەوە ئاستی 31 مردن لە شەو و رۆژێکدا، بەمەش کۆی گشتیی کۆچکردووان بە کۆرۆنا گەیشتە 1937 کەس.
ئاماری مردن بە کۆرۆنا لە ماوەی سەرەتای ئەو مانگەوە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بەجۆرێک لە یەکی ئەم مانگەوە بەمڕۆوە 188 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
زۆرترینی ئەوانەی لە دوێنێوە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بەهەمان شێوەی دوێنێ لە سلێمانی بوون کە ئەمڕۆ ژمارەیان 13 کەسە.
زۆرترین تووشبووش لە هەولێر تۆمارکراون، بەجۆرێک لەو 793 کەسەی تووشی کۆرۆنا بوون 281 کەسیان لە هەولێر بوون، هەروەها 265ـیان لە دهۆکن.
دهۆک هەرچەندە ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنای زۆرە، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆرترین کەسیش لەوێ چاکبوونەتەوە، کە 162 کەسن لە کۆی 338 کەسی چاکبووەوە لە کۆرۆنا لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوو.

هـ.ر.