ویتکۆف: ترەمپ پلانێکی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش سەرکردەکانی ناوچەکە کردووە
ویتکۆف: لە ڕۆژانی داهاتوو چاوەڕوانی پێشکەوتنێکی گەورەین لە غەززە
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، چاوەڕوانی پێشکەوتنێکی گەورە پەیوەست بە غەززە لە ڕۆژانی داهاتوو دەکات و ئاشکرای کرد کە سەرۆکی ئەمەریکا پلانێکی تایبەت بە ئاستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش بە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کردووە.
چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، چەند بیرۆکەیەکی خستووەتەڕوو.
دەشڵێت: "پلانێکمان بە ناوی 'پلانی 21 خاڵیی ترەمپ' بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و غەززە پێشکەشی ئەو وڵاتەنە کردووە."
ویتکۆف لە لووتکەی کۆنکۆردیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لەوەش کرد: "پێم وایە ئەم پلانە وەڵامی نیگەرانییەکانی ئیسرائیل و هەروەها نیگەرانییەکانی هەموو دراوسێکانی ناوچەکەش دەداتەوە؛ هاوکات هیوادارین و تەنانەت دەتوانم بڵێم دڵنیاشین، کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بتوانین جۆرێک لە پێشکەوتنی گەورە ڕابگەیەنین."
ویتکۆف و ترەمپ چەندین جار هیوایان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە وێرانکەرەی کە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە، دەربڕیوە.
دوێنێ سێشەممە، ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکردەکانی هەر یەکە لە تورکیا، میسر، پاکستان، قەتەر، ئیمارات، ئوردن و ئیندۆنیزیا کۆبووەوە، کە تایبەت بوو بە پرسی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان.
دوای کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشییان بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەیان بە دۆخی کارەساتباری کەرتی غەززە و دەرەنجامە مەترسیدارەکانی بۆ ناوچەکە و کاریگەریی لەسەر جیهانی ئیسلامی بە گشتی کردووە. هەروەها، هەڵوێستی هاوبەشیان دووپات کردەوە لەوەی دژی بە زۆر ڕاگواستنی دانیشتووانی کەرتەکەن".
سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی جەختیان لەسەر پێویستیی دانانی پلانێکی گشتگیر بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە و پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەیشتن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ کردەوە، کە ئازادکردنی بارمتەکان مسۆگەر بکات و ڕێگە بە هاتنە ناوەوەی هاوکاریی مرۆیی پێویست بدات وەک هەنگاوی یەکەم بەرەو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی.