پزیشكێك لەبارەی دووبارە تووشبوون بە كۆرۆنا زانیاری دەخاتەڕوو

"تا دوای 10 ھەفتە ئەگەری گەڕانەوەی ھەندێ نیشانەکان ھەیە"

K24 – ھەولێر

پزیشكێك لەبارەی دووبارە تووشبوونەوە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند زانیارییەك دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت، ژمارەی دووبارە تووشبوونەوە زۆر كەمە و لە جیھاندا  لە پەنجەکانی دەست زیاتر نییە. ئاماژە بەوەدەكات، تا دوای 10 ھەفتە ئەگەری گەڕانەوەی ھەندێ نیشانەکان ھەیە و رەنگە كاریگەرییەكانیش بۆ ماوەی شەش مانگ لەسەر لەشی ھەندێك مرۆڤ ھەبێت.

د. سەروەر عارف، پسپۆری قوڕگ و گوێ و لوت لە سلێمانی لە بابەتێكدا نووسیویەتی: "تووشبوونەوەی دووەم  جار بە کۆرۆنا ئەگەرێکی زۆر کەمە و ژمارەکەی  لە جیھاندا  لە پەنجەکانی دەست زیاتر نییە".

ئەو پزیشكە لە چەند خاڵێكدا زانیاری لەوبارەوە خستووەتەڕوو دەڵێ: "ژمارەی تووشبوونی دووەم جار لە جیھاندا تا ئێستا تەنھا پێنج کەس تووشبوون بۆ دووەم جار (کە ئەم ژمارەیە کوردستان ناگرێتەوە) پێشبینی دەکرێت کە بەرگری لەش بۆ نەخۆشی کۆرۆنا  بەلایەنی کەم حەوت مانگ بێت، ئەگەر ھاوشێوەی جۆرەکانی تری فایرۆسی سارس  بێت ئەوە دوو بۆ سێ ساڵ بخایەنێت".

ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئەوەی لە کوردستان باس ئەکرێت زیاتر حاڵەتێکە کە تەنانەت  تا دوای دە ھەفتە ئەگەری گەڕانەوەی ھەندێ نیشانەکان ھەیە، بەھۆکاری نادیار کە لەوانەیە ھیلاکی زۆر، تێکەڵ بوونی زیاتر یان کەمی بەرگری کە لە راستیدا، ئەم حاڵەتە ھۆکارەکەی روون نییە و پێی دەوترێ تووشبوونی درەنگ کە ھەر تووش بوونی یەکەمە".

د. سەروەر دەشڵێت: "دوای چاكبوونەوەش لەوانەیە ڤایرۆسەکە لە پێکھاتەکانی لەش لەوانە خانەی دەمارەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە (تا شەش مانگیش) کە بەرگری لەش ناتوانێ لە ناویان ببات، چونکە ئەو خانە دەمارانە  زۆر دەمێننەوە".

د. سەروەر عارف
د. سەروەر عارف