سوپای پاسداران: پێشتر لە بەکارهێنانی پەیجەرەکان هۆشداریمان بە حزبوڵڵا دابوو

سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، پێشتر حزبوڵڵای لوبنانی لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی ئەو پەیجەرانە ئاگادار کردبووەوە، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2024 لە لوبنان و سووریا تەقینەوە.

محەممەد ڕەزا نەقدی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران بۆ کاروباری هەماهەنگی، ڕایگەیاند، بەرپرسانی حزبوڵڵا لە وەڵامدا وتویانە کە نرخی ئەو ئامێرانە لە مۆدێلە ئێرانییەکان هەرزانترە.

لە ڕۆژانی 17و 18ـی ئەیلوولی 2024، زنجیرەیەک تەقینەوە لە لوبنان و سووریا ڕوویاندا و بووە هۆی تەقینەوەی هەزاران پەیجەر و واکی-تۆکی کە زۆربەیان لە لوبنان بوون. ئەم ڕووداوە بووە هۆی کوژرانی لایەنی کەم 37 کەس، لەنێویاندا منداڵان، و برینداربوونی هەزاران کەسی دیکە.

تەقینەوەکان بوونە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەنێو دانیشتوواندا، بەتایبەتی ناوچە قەرەباڵغەکانی وەک گەڕەکە نیشتەجێبووەکان، بازاڕەکان و تەنانەت لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمێکی پرسە لە گەڕەکی باشووری بەیروت کردە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو ئامێرانە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرابوونە ئامانج، لەلایەن ئەندامانی حزبوڵڵاوە بەکاردەهێنران، بەڵام ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی مەدەنی، لەوانەش کارمەندانی تەندروستیی و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، هەڵگری ئەو ئامێرانە بوون، ئەمەش بووە هۆی زۆربوونی ژمارەی قوربانییانی مەدەنی.

دواتر، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دانی بە بەرپرسیارێتی وڵاتەکەیدا نا لە ئەنجامدانی "ئۆپەراسیۆنی پەیجەرەکان".

 
 
 
Fly Erbil Advertisment