کێشەی ئاوەڕۆ لە زاخۆ چارەسەر دەکرێت

کێشەی لافاو و ئاوەڕۆ لە زاخۆ چارەسەر کرا؛ زیاتر لە 100 ملیار دینار بۆ پرۆژەکە خەرج کراوە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی زاخۆ ڕایدەگەیەنێت، کێشەی کۆبوونەوەی ئاو و لافاو لە سەنتەری شاری زاخۆ بە ڕێژەی 100% چارەسەر کراوە و هاووڵاتییان و کاسبکارانیش دەڵێن، مەترسییەکانی زستانیان لەسەر نەماوە.

ماوەی چوار ساڵە کارکردن لەسەر دروستکردنی بۆکس و ئاوەڕۆی سندووقی لە زاخۆ بەردەوامە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دروستبوونی لافاو و نەهێشتنی ئەو زیانانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان دەکەوتن.

یونس محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ بە کوردستان24ی ڕایگەیاند: بە پاڵپشتیی سەرۆک وەزیران و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، تا ئێستا توانراوە 76 کیلۆمەتر ئاوەڕۆ لە شاری زاخۆ دروست بکرێت.ئاماژەی بەوەش دا کارکردن بەردەوامە و لە ئێستادا لە چەند گەڕەکێکی دیکە کار لەسەر 26 کیلۆمەتری دیکەی ئاوەڕۆ دەکرێت.

کاسبکارانی بازاڕی زاخۆ کە ساڵانی ڕابردوو بەدەست لافاوەوە دەیانناڵاند، باس لەوە دەکەن کە ترس و دڵەڕاوکێیان نەماوە.

سەعدی ئیبراهیم، یەکێک لە دووکاندارەکان دەڵێت: ماوەی 15 ساڵە لێرە کاسبم، دیمەنەکانی لافاوی ساڵانی ڕابردوو وای لێکردبووین بێ هیوا بین، تەنیا بە 10 خولەک بارانبارین ئاو دەچووە نێو دووکانەکانمان، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئێستا کێشەکە چارەسەر بووە و ئاو لە شەقامەکان نامێنێتەوە.

سامان ئیدریس، هاووڵاتییەکی دیکەی شارەکەیە و دەڵێت: پێشتر بە کەمترین باران شەقامەکان دەگیران و ئاو دەچووە نێو شوێنی کارەکەم، بەڵام ئێستا زۆر باش بووە و کێشەکە نەماوە.

بەپێی زانیارییەکان، گوژمەی زیاتر لە 100 ملیار دینار بۆ پرۆژەی ستراتیژیی ئاوەڕۆی زاخۆ خەرج کراوە، کە هەرچەندە پرۆژەیەکی ژێرزەوییە و بە چاو دیار نییە، بەڵام کاریگەریی گەورەی هەبووە لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لەو لافاوانەی کە ساڵانە زیانی بە شارەکە دەگەیاند.

 
Fly Erbil Advertisment