لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك: به‌ر له‌وه‌ی چین رایبگه‌یه‌نێت كۆرۆنا له‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌بووه‌

به‌ر له‌وه‌ی چین یه‌كه‌م حاڵه‌ت رابگه‌یه‌نێت 39 حاڵه‌تی تووشبوون‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا تۆماركرابوون

K24- هه‌ولێر:

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەك له‌ ناوەڕاستی مانگی 12 ساڵی رابردوو به‌ر له‌وه‌ی چین رایبگەێنێت، چەند حاڵەتی کۆرۆنا لە ئەمه‌ریکا تۆمارکراون.

بەگوێرەی دوایین لێکۆڵینەوەی سەنتەری رێگری و کۆنترۆڵی نەخۆشییەکانی ئەمه‌ریکا، لە ماوه‌ی نێوان 13 بۆ 16ی مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2019 له‌ ئەمه‌ریکا، 39 حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراون. ئەمەش چەند ھەفتەیەك به‌ر له‌وه‌ دێت، کە چین بەفەرمی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە رابگەێنێت.

سەنتەری رێگری و کۆنترۆڵی نەخۆشییەکانی ئەمه‌ریکا، ناسراو بە "CDC"، پشکنینی خوێنی 7 ھەزار و 389 کەسیان لە 9 ویلایەتی جیاوازی ئەمه‌ریکا دەرھێناوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە، کە 39 کەسیان لە ماوه‌ی نێوان 13 بۆ 16ی مانگی 12ی ساڵی 2019 کۆرۆنایان ھەبووە.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەش ئەمڕۆ لە ئەمه‌ریکا بەفەرمی بڵاوکراوەتەوە و ئەوە دەسەلمێنێت، کە به‌ر له‌وه‌ی لایەنە فەرمییەکانی جیھان رایبگەیێنن ڤایرۆسەکە بڵاوبووەتەوە.

H.B