ریال مەدرید دەبێتەوە "بكووژی" یانەكانی فەرەنسا
ئامارێكی ریال مەدرید رەنگە مۆناكۆ بتۆقێنێت
ریاڵ مەدرید دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر ئالباسیتی لە جامی شای ئیسپانیا، هاوكات بردنەوەکەی یاری رابردوو بەرامبەر لیڤانتی لە لالیگا، ئەمجارەیان لە سێیەم یاری بە راهێنەرایەتی ئالڤارۆ ئاربیلوا، لە گەڕی حەوتەمی قۆناغی یەکەمی چامپیۆنزلیگ، لە یاریگای بێرنابیۆ میوانداریی یانەی مۆناکۆی فەڕەنسا دەکات. ریاڵ مەدرید پێشتر 13 جاری دیکە میوانداریی یانەکانی فەڕەنسای کردووە و هیچ یارییەکی لە یاریگای خۆی، بەرامبەر یانەکانی ئەو وڵاتە نەدۆڕاندووە.
ریاڵ مەدرید بە راهێنەرایەتی ئالڤارۆ ئاربیلوا، لە گەڕی حەوتەمی قۆناغی یەکەمی چامپیۆنزلیگ، سبەی سێشەممە لە كاتژمێر 11:00ـی شەو لە یاریگای بێرنابیۆ میوانداریی یانەی مۆناکۆی فەڕەنسا دەکات.
یانە شاهانەکە پێش ئەم یارییە بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ، لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ دێت، بە بردنەوەیان لەم یارییە هەنگاوێکی باش بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو دەهاوێژن، لە بەرامبەردا مۆناکۆ 9 خاڵی هەیە و ئەوانیش لە پلەی نۆزدەیەم دێن.
لە کۆتا یەکەی ئامادەکاری یانەی ریاڵ مەدرید، هەر یەکە لە ئانتۆینۆ رۆدیگەر، فێرلاند مێندی، ئێدەر میلیتاو و ئالێکساندەر ئارنۆلد کە هەر هەموویان بەرگریکارن، بەشداری راهێنانەکانیان نەکرد و بەشداری ئەو یارییە ناکەن.
لێدوانەكانی ئەلڤارۆ ئەربێلوا راهێنەری ریال مەدرید
''ئەوەی کە ڤینیسیۆس جونیۆر و منیش دەمەوێت و ئارەزووی دەکەین و نزای بۆ دەکەم، هاندانی بەردەوامی هاندەرانی یانەکەمانە بۆ هەموو یاریزانەکان بە تایبەت ڤینی، ئەو یاریزانە ساڵانێکە خزمەتی یانەکەی دەکات و دوو ناسناوی چامپیۆنزلیگی بۆ یانەکەی بەدەستهێناوە، ڤینی بۆ ئەوەی باشترین ئاستی پێشکەش بکات، پێویستی بە پاڵپشتیەکی تەواو لە بێرنابیۆ هەیە. یاریزانەکانمان بۆ ئەوەی لە لوتکە بن، پێویستە هاوشێوەی یاری رابردوو بن، دەبێت زۆر رابکەن و هەوڵی زۆر بدەن، نیوەی دووەمی یارییەکەی بەرامبەر لیڤانتی ئەوەم بینی، بە تایبەتی ڤینیسیۆس جونیۆر و بێلینگهام، لەو یارییە ئاستی راستەقینەی خۆیان پێشکەش کرد ''.
ئامارە مێژووییەكانی نێوانیان
ریاڵ مەدرید و مۆناکۆ پێشتر دووجاری دیکە لە چامپیۆنزلیگ، ئەویش وەرزی 2003 بۆ 2004 لە قۆناغی چارەکی کۆتایی رووبەڕووی یەکتری بوونەوە، ئەوکات ریاڵ مەدرید لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە توانیان سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
ریاڵ مەدرید پێش ئەم یارییە سێزدە جاری دیکە لە چامپیۆنزلیگ و لە یاریگای خۆی، رووبەڕووی یانەکانی فەڕەنسا بووەتە لە چامپیۆنزلیگ، لەو سێزدە یارییەش نۆ یاری براوە بووە و لە هیچ یارییەک بەرامبەر یانەکانی فەڕەنسا لە یاریگای خۆی نەدۆڕاوە.