فەرهاد شامی: لەبەردەم دوو بژاردەداین، یان ژیانێکی بە شکۆ یان شەهیدبوونێکی سەربەرزانە
دووشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2026، فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، هەموو شتێک لەپێناو گەلەکەمان دەکەین؛ لەبەردەم دوو بژاردەداین، یان ژیانێکی بە شکۆ دەژین، یان شەهادەتێکی سەربەرزانە هەڵدەبژێرین.
لای خۆشیەوە، فەوزا یوسف، ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: بانگەوازێکی بەپەلە گەلەکەمان لە باکووری کوردستان دەبێت ڕوو لە شارەکانی نسێبین و سرووج بکەن، چونکە ڕۆژئاوا لەژێر هێرشێکی سەختدایە و کورد کۆمەڵکوژ دەکرێن.
دەشڵێت: پێویستە گەنجان و خەڵکی باشووری کوردستانیش ڕوو لە دێرک بکەن و سنوورەکان ببەزێنن بۆ بەهانەوەچوونی خوشک و براکانیان و ئەمڕۆ ڕۆژی پاراستنی شکۆی نەتەوەییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع گەیشتەبوو دیمەشق، تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە.