سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی "ماڵی کوردستان"ـی لە داڤۆس دەکاتەوە
هاوتەریب لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانی 56ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، "ماڵی کوردستان" وەک ناوەندێکی ستراتیژی بۆ ناساندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و دیپلۆماسیی ئابووری، جارێکی دیکە دەرگاکانی بە ڕووی سەرکردە، بازرگانان و میوانانی کۆڕبەندەکەدا کردەوە. ئەم دەستپێشخەرییە کە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی بەڕێوە دەچێت، ئامانجی پتەوکردنی پێگەی هەرێمی کوردستانە لە نەخشەی ئابووریی جیهانیدا.
ماڵی کوردستان، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2024 لەسەر دەستی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا، بووەتە پلاتفۆڕمێکی نێودەوڵەتیی کارا بۆ نمایشکردنی تواناکانی هەرێم و عێراق.
ئەم پڕۆژەیە وەک پردێک کار دەکات بۆ گواستنەوەی پۆتانسییەلە ئابوورییەکانی هەرێم بۆ جیهانی دەرەوە، هەروەها خستنەڕووی هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی لەبار بۆ وەبەرهێنان، داهێنان و گەشەپێدانی دەرفەتەکان بۆ هاوبەشیی جیهانی.
لە ڕووی دیدگا و ئامانجەکانەوە، ئەم ناوەندە کار بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز و پێشکەوتوو دەکات، کە بتوانێت بەشدارییەکی کارا لە سەقامگیریی ناوچەیی و پێشکەوتنی جیهانیدا بکات. "ماڵی کوردستان" پابەندە بە فراوانکردنی ئاسۆی تێگەیشتن و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی هاوبەش بۆ ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی هەرێم و جیهان دەبنەوە، ئەوەش لە ڕێگەی دیالۆگی ئامانجدار و ئاڵوگۆڕی بیروڕا.
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندی ئەمساڵدا (2026)، شاندێکی باڵای حکوومی و ژمارەیەکی بەرچاو لە وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت یاوەریی سەرۆک وەزیران دەکەن.
بڕیارە مەسرور بارزانی لەم ماڵەدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ سەرۆک و بڕیاربەدەستانی وڵاتان، خاوەنکاران و ئابووریناسانی جیهان ئەنجام بدات.
بەشداریی شاندی کەرتی تایبەت بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ دروستکردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی، بە ئامانجی هاندانیان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانی وەک پیشەسازی و کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستاندا.
لە ماوەی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکەدا، ماڵی کوردستان ڕۆژانە بە میواندارییەکی کوردەواری و پێشکەشکردنی "چای کوردی"، پێشوازی لە میوانان دەکات و دەبێتە مەڵبەندێک بۆ گفتوگۆی کراوە دەربارەی ئاڵنگاری و دەرفەتە ناوچەیی و جیهانییەکان.