هەسەدە: گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بۆردومانی زیندانێکی داعشیان لە ڕەققە دەستپێکردەوە

باری ئەمنیی شاری ڕەققە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بۆ سێیەم جار لە ماوەی ئەمڕۆدا، زیندانی ئەقتان لە باکووری شارەکە ڕووبەڕووی هێرشێکی سەخت بووەوە.

 گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بە بەکارهێنانی تانک و تۆپخانە، بۆردومانی ئەو زیندانەیان کردووە کە ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی تێدا ڕاگیراوە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایانگەیاندووە، هێرشبەران هەوڵیان داوە هەڵبکوتنە سەر زیندانەکە، بەڵام شەڕڤانان بەرگرییەکی بێوێنەیان ئەنجام داوە و توانیویانە ڕێگری لە چوونە ناوەوەی هێرشبەران بگرن.

 ئەمە سێیەم هەوڵی گروپە چەکدارەکانە لە ماوەی ئەمڕۆ دووشەممە 19 کانوونی دووەمی 2026، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئەو گرتووخانە ستراتیژییە بکەن.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە لە چەند ناوچەیەکی دیکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێرش بۆ سەر زیندانەکانی داعش دەستی پێکردووە.

 هەسەدە هۆشداری دەدات، بۆردومانکردنی زیندانەکان بە چەکی قورس، مەترسیی ڕاکردنی تیرۆریستانی داعش و دروستبوونی کارەساتی گەورەی ئەمنی لێ دەکەوێتەوە، کە نەک تەنیا ناوچەکە بەڵکو ئاسایشی نێودەوڵەتیش دەخاتە مەترسییەوە.

زیندانی ئەقتان یەکێکە لەو ناوەندە ئەمنییە گرنگانەی کە هەسەدە لە شاری ڕەققە سەرپەرشتی دەکات و پاراستنی سەدان چەکداری مەترسیداری داعشی لەئەستۆدایە، بەردەوامیی هێرشەکان لە لایەن گروپە چەکدارەکانی دیمەشقەوە، نیشانەی تێکچوونی هاوکێشە ئەمنییەکان و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ و ئاڵۆزیی نوێیە لە ناوچەکەدا.