شێخمووس ئەحمەد: مەترسییەکی جددی لەسەر کەمپی هۆل هەیە
دووشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2026، شێخمووس ئەحمەد، سەرپەرشتیاری کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە حەسەکە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، شەڕێکی دڕندانە لە بەرانبەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دژی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا دەکرێت.
گوتیش: ئەو هێرشانە دەبنە هۆ زیندووکردنەوەی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکە، بە شێوەیەک ئەو زیندانانەی ئازاد کراون، هەوڵدەدەن یەکبگرنەوە و شانە نووستووەکان زیندوو ببنەوە و لەگەڵ سوپای عەرەبیی سووریا یەکبگرن.
سەرپەرشتیاری کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە حەسەکە ئاماژەشی دا، مەترسییەکی زۆر جددی لەسەر کەمپی هۆل هەیە، خێزانەکانی داعش لە کەمپەکان هەوڵیان داوە ڕابکەن و ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بوونەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بگەنەوە خێزانەکانیان و ئەو کەسانە کە ئازاد کراون، بەڵام هێزەکانمان توانیان ڕێگری لەو هەوڵە بکەن.
گوتیشی: بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە دێرەزوور، تەبققە و ڕەققە و ئازادکردنی داعشە زیندانیکراوەکان، ئەو خێزانانە ئەمڕۆ ئاهەنگیان دەگێرا.
لەبارەی ژمارەی داعشە زیندانیکراوەکان لە کەمپی ڕۆژ و هۆل ڕایگەیاند، کەمپی هۆڵ 23 هەزار کەس تێدایە، کە نزیکەی 15 هەزاری هاووڵاتیی سووریان، هاوکات نزیکەی شەش هەزاری هاووڵاتی بیانینن، کە سێ هەزاریان خەڵکی عێراقن؛ هاوکات لە کەمپی ڕۆژ، دوو هەزار 500 کەسی تێدایە، کە دوو هەزار 300 کەس خەڵکی بیانین، هەندێک هاووڵاتی سووریا و عێراقیشی تێدایە.