مەحموود بەرخۆدان: قۆناغی بەرخۆدانی دووەمی کۆبانێ دەستی پێکردووە

ئەندامێکی فەرماندەیی هەسەدە ڕایگەیاند، ئەو شەڕەی ئێستا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەگوزەرێت، سەرەتای قۆناغێکی نوێیە و وەک بەرخۆدانی دووەمی کۆبانێ پێناسەی دەکات.

دووشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2026، مەحموود بەرخۆدان، ئەندامی فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆمارێکی دەنگیدا کە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکەیان بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە ڕووداوەکانی ئەم دواییە کە لە 6ـی کانوونی دووەمەوە دەستیان پێکردووە، قۆناغێکی نوێی بەرگرییە.

بەرخۆدان دەڵێت: هەسەدە زۆر هەوڵیدا لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە کێشەکانی سووریا چارەسەر بکات، بەڵام دوژمنانی کورد و مرۆڤایەتی هەوڵیان دا دەستکەوتەکانی گەلی کورد بکەنە ئامانج و هیواکانیان لەناو ببەن.

ناوبراو جەختی کردەوە کە ئامانج لە هێرشکردنە سەر هەرێمی جەزیرە و کۆبانێ، ڕێگریکردنە لە ئاواتەکانی گەل و بێبەشکردنیانە لە ئازادی. ڕوونیشی کردەوە، ئێستا لە هەموو بەرەکاندا بەرخۆدان بەردەوامە و ئەم قۆناغە نوێیە نوێنەرایەتیی بەرخۆدانی دووەمی کۆبانێ دەکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەحموود بەرخۆدان ڕایگەیاند: کۆبانێ خاکی باوباپیرانمانە و گەل دەستبەرداری نابێت. داواشی لە خەڵک کرد شانبەشانی شەڕڤانانی خۆیان بوەستنەوە و بەڵێنی دا کە یەپەگە، یەپەژە و هەسەدە بە هەموو شێوازێک پارێزگاری لە ناوچەکە دەکەن.

لە کۆتاییدا ئەو فەرماندەیەی هەسەدە گوتی: ئەم شەڕە، شەڕی سەرجەم کۆمەڵگەیە و هێزەکانمان چوونەتە قۆناغێکی نوێوە؛ بەرخۆدانێک دەکەین کە دوژمن تووشی شۆک و سەرسووڕمان بکات و هەوڵەکانیان تێک بشکێنێت.