خۆپیشاندەران چوونە بەردەم کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر

دژی هێرشەکانی دیمەشق بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان چوونە بەردەم کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و داوای هاتنە دەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان کرد بەرانبەر هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەمشەو دووشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2026،  ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی شاری هەولێر، بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستانەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و بەرەو بەردەم کونسوڵخانەی ئەمریکا بەڕێکەوتن.

پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی گردبوونەوە و خۆپێشاندانەکە ڕایگەیاند، گردبوونەوەکە وەک کاردانەوەیەکە بەرانبەر ئەو دۆخەی لە چەند ڕۆژ و هەفتەی ڕابردوودا لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتووەتە ئاراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هاووڵاتییان بە ئۆتۆمبێل و پیادە بەرەو باڵەخانەی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر ڕۆیشتن، مەبەستیان بوو پەیامی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی خۆیان بەرانبەر بەو هێرش و پەلامارانە دەرببڕن کە دەکرێنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

خۆپیشاندەران ئاڵای کوردستانیان بەرز کردەوە و دروشمی پاڵپشتی بۆ یەکڕیزی و پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوایان دەگوتەوە.