هەسەدە: ئەمڕۆ ڕۆژی شکۆ و بەرپرسیارێتیی مێژووییە
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بە ناوی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاو کردووەتەوە، لە پەیامەکەدا هاتووە، بەرخۆدانی مێژوویی کۆبانێتان بەبیر دەهێنینەوە، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەنە گۆڕستانی چەکدارەکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی دا، لە 6ی کانوونی دووەمەوە هێرشێکی دڕندانە دەکرێتە سەر ناوچەکانیان، بەڵام شەڕڤانان بە ئازایەتییەکی مەزنەوە بەرگری دەکەن.
لە پەیامەکەیدا دەڵێت: سوپای عەرەبیی سووریا کە هەڵگری عەقڵییەتی داعشن، بە خەیاڵی شکاندنی ئیرادەی ئێمە هێرشەکانیان چڕ کردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: چۆن هەڤاڵانمان لە ساڵی 2014دا بەرخۆدانێکی مێژووییان لە کۆبانێ کرد و ئەو شارەیان کردە گۆڕستانی داعش، ئەمڕۆش بە هەمان ئیرادەوە شارەکانی خۆمان لە دێرکەوە تا حەسەکە و کۆبانێ، دەگۆڕین بۆ گۆڕستانی خاوەن عەقڵییەتە نوێکەی داعش.
لەسەر ئەو بنەمایە، هەسەدە بانگەواز لە هەموو گەنجان، کچان و کوڕانی ڕۆژئاوا، باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەورووپا دەکات، یەک بگرن و سنوورەکان لاببەن و وەرن بەشداری لە بەرخۆداندا بکەن.
هەسەدە کۆتایی بە پەیامەکەی هێناوە و دەڵێت: ئەمڕۆ ڕۆژی شکۆ و بەرپرسیارێتیی مێژووییە.