دانیشتووانی گوندی عالیاوە دژی بڕیارێکی دەستەی وەبەرهێنان رێگەی کەرکووک-دوبزیان داخست

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، دانیشتووانی گوندی عالیاوە لە پارێزگای کەرکووک دژی بڕیارێکی دەستەی وەبەرهێنانی شارەکە گردبوونەوە و وەک ناڕەزایەتییەک، رێگەی سەرەکیی کەرکووک - دوبزیان داخست.

بەپێی زانیارییەکانی هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، ناڕەزایەتییەکە پەیوەندی بە زەوییەکانی ئەو سنوورەوە هەیە کە رووبەرەکەی نزیکەی 70 دۆنم دەبێت، ئەو زەوییانە پێشتر لە سەردەمی د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کۆچکردووی کەرکووک بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش کرابوون، بەڵام ئێستا دەستەی وەبەرهێنانی کەرکووک مۆڵەتی بە وەبەرهێنەرێک داوە بۆ ئەوەی پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوونی لەسەر دروست بکات.

خۆپیشاندەران کە پێکهاتوون لە هەرسێ نەتەوەی کورد، عەرەب و تورکمانن، هەرچەندە زەوییەکان سەرەتا بە کورد دراون، بەڵام بەشێکیان فرۆشراونەتەوە و ئێستا گوندەکە پێکهاتەیەکی تێکەڵاوی هەیە.

دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، بەشێک لەو زەوییانە کراونەتە خانوو و دوکان و بە جێبەجێکردنی بڕیارە نوێیەکە مەترسی رووخاندنیان لەسەر دروست دەبێت، بۆیە داوا دەکەن بڕیاری پێدانی زەوییەکانیان بە کەرتی وەبەرهێنان هەڵبوەشێنرێتەوە.