سەرۆکوەزیران پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کردەوە و باسی لە چەند پرسێکی گرنگیش کرد
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی کردنەوەی پرۆژەیەکی نوێی رێگاوبان لە سۆران جەختی لە بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان کردەوە و باسی لە پێکهێنانی هەردوو حکوومەتی نوێی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرزە پرد و شەقامی دووسایدی 40 مەتریی سۆرانی کردەوە و گوتارێکی پێشکەش کرد.
کردنەوەی بەرزترین پرد و پشتیوانیکردن لە توانای ناوخۆیی
مەسرور بارزانی لە سەرەتای گوتارەکەیدا دڵخۆشیی خۆی بۆ کردنەوەی پردەکە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژەیە بەرزترین پردە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان بەتایبەتی دانیشتووانی سۆران و دەوروبەری. سەرۆکوەزیران روونیشی کردەوە، ئەمە تەنیا قۆناغێکە و قۆناغەکانی تریش بەدوایدا دێن بۆ دروستکردنی جووتساید و بەیەکەوەبەستنی رێگاکانی دەڤەرەکە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکوەزیران دەستخۆشی لە کۆمپانیای کاڤین گرووپ کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و ئەوەشی خستە روو، جێگەی دڵخۆشییە توانای ناوخۆیی وای کردووە پڕۆژەی وا جوان و رێکخراو لە هەموو ناوچەکانی کوردستان جێبەجێ بکرێن.
بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان لە سەردەمی قەیرانەکاندا
لەبارەی دۆخی ناوچەکەوە سەرۆکوەزیران رایگەیاند، سەرباری هەبوونی دۆخێکی نالەبار لە رابردوودا و دروستبوونی نیگەرانی لای خەڵک، بەڵام هیچ یەکێک لەو گرفتانە نەیانتوانی رێگری لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان بکەن.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، تەنانەت لە سەردەمی شەڕی داعشیشدا پڕۆژەکان نەوەستان و لە هەموو کاتێکی خۆشی و ناخۆشیدا بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لە تەواوی بوارەکاندا.
نیگەرانییەکان لە رووداوەکانی خنکان و هۆشداریی هاتوچۆ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەو رووداوە نەخوازراوانەی لەم دواییەدا روویان داوە و تێیدا سێ کەس لەناو ئۆتۆمبێلێکدا کەوتنە ناو رووباری گەلی عەلی بەگ و گیانیان لەدەست دا. لەم رووەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم حاڵەتانە جێگەی نیگەرانین و دڵی هەمووان دێشێنن.
هاوکات دەستخۆشی لە هێزەکانی بەرگریی شارستانی کرد بۆ شەونخوونی و بەدواداچوونیان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان و داواشی لە خەڵک کرد پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ و سەلامەتی بن، لە پێناو پاراستنی تەندروستییان خۆیان لەو ناوچانە بەدوور بگرن مەترسیدارن.
پێکهێنانی هەردوو حکوومەتی عێراق و کوردستان
سەرۆکوەزیران لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، گوتی "ئەمڕۆ یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی لە بەغداش دەستپێدەکات، ئێمە تەمەننای سەرکەوتن بۆ بەڕێز عەلی زەیدی دەکەین، هیوادارین سەرکەوتوو بێت لە پێکهێنانی حکوومەتەکەی خۆی".
مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە "ئێمە پاڵپشت دەبین بۆ ئەوەی حکوومەتێکی فیدراڵ دروست بکرێ و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێن. بەشداری ئێمە لە حکوومەت و لە پەرلەمان بۆ ئەوەیە کە داکۆکی لە هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان و مافەکانی عێراق و جێبەجێکردنی دەستوور بکەین وەکو خۆی".
جەختیشی کردەوە "بەشداریی ئێمە بەشدارییەکی کارا دەبێت، و هەوڵ دەدەین کە پەیوەندییەکانمان لەوپەڕی باشی و لە ئاستێکی بەرزدابن. هیوادارم ئەمە رێخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە هەرێمی کوردستانیش، پەرلەمان کارا بکەینەوە. دواتر هەنگاوەکانی تریش دەست پێبکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەت و بکەوینەوە خزمەتی خەڵکی کوردستان جارێکی تر".
دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:
ئەمەش دەقی وتەکەیە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
دڵخۆشم دیسان لەگەڵتانم و سەردانی سۆران دەكەین بۆ كردنەوەی پرۆژەیەكی تر، كە ئەمە بەرزترین پردە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و ئێستا لە شاری سۆران دروست كراوە، ماوەیەكە پلانی بۆ داڕێژراوە و كاری تێدا دەكرێت و سوپاس بۆ خوا ئێستا بە ئەنجام گەیشت و ئەمڕۆ بە فەرمی ئەم پرۆژەیە دەكەینەوە و دەیخەینە خزمەتی هەموو هاووڵاتیيانی كوردستان، بە تایبەتی دانیشتووانی شاری سۆران و دەوروبەری.
لەو ماوەیەی ڕابردوودا بینیمان دۆخێكی زۆر نالەبار لە كوردستان و عێراق هەبوو، خەڵك زۆر لە دڵەڕاوکێدا بوون لەوەی كە چی ڕوودەدات، بەڵام ئەمانە هیچیان نەیانهێشت كە ئێمە لە ئەنجامدانی پڕۆژەكانمان بوەستین، ژیان بەردەوام دەبێت لە هەموو ئان و ساتێكدا. بیرمە كاتی خۆیشی كە شەڕی داعش بوو، دیسان پڕۆژەكان هەر بەردەوام بوون. لە خۆشی و ناخۆشیدا ئێمە لە خزمەتكردن ناوەستین و هیوادارین بەردەوام بین لەوەی كە بتوانین باشترین خزمەتگوزاری پێشكەشی هەموو خەڵكی كوردستان بكەین لە هەموو بوارەكاندا.
من پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و شاری سۆران و دەوروبەری دەكەم بۆ ئەم پرۆژە گرنگە، كە ئەمە قۆناغێكە و قۆناغەكانی تریشی بەدوادا دێت بۆ تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە كە دووساید و بەیەكەوەبەستنی ڕێگەكانە. پرۆژەی گەورەتریشمان لەبەردەستە، بۆ ئەوەی پێشكەشی خەڵكی ئەم دەڤەرەی بكەین. دەستخۆشیی لە (كاڤین گرووپ) دەكەم بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە كە بەشێوەیەكی زۆر جوان و ڕێكوپێك دروستیان كردووە.
وەكوو هەر جار دیسان دووپاتی دەكەمەوە كە ئەوەی منی زیاتر دڵخۆش كردووە ئەمەیە كە توانای ناوخۆیی وایكردووە ئێمە بتوانین پرۆژەی وا جوان و ڕێكوپێك جێبەجێ بكەین لەسەر ئاستی كوردستان لە هەموو ناوچەكاندا.
جارێكی دیکە دەستخۆشی لە جێبەجێكارانی ئەم پرۆژەیە دەكەم، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی ناوچەكە دەكەم و دەستخۆشی لە خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ پاڵپشتییان، بۆ پشتیوانییان، بۆ متمانەبەخشینیان بە ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە خزمەتی ئەواندا بین.
بابەتێكی تر هەبوو حەزم دەكرد عەرزی ئێوەی بەڕێز بكەم، بەداخەوە لەم ماوەیەی ڕابردوو بینیمان كە هەندێك ڕووداوی نەخوازراو و ناخۆش ڕوویان دا، بە تایبەتی لەم دواییە ئۆتۆمبێلێك بە سێ سەرنشین گەنج و منداڵەوە كەوتنە ناو ڕووبار و خنكان. ئەمە چەند حاڵەتێكە كە لەم دەڤەرە ڕوودەدات و ئەمە جێی نیگەرانییە. بەڕاستی دڵمان دێشێ كە دەبینین كەسانێك، ئازیزانی خۆیان لە دەست دەدەن. جێی خۆیەتی من دەستخۆشی لە هێزەكانی بەرگریی شارستانی بكەم بۆ ماندووبوونیان، بۆ شەونخوونییان، بۆ بەدواداچوون و گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەكان كە بەڕاستی زۆر زۆر خۆیان ماندوو كرد، سوپاسیان دەكەم و دەستخۆشییان لێ دەكەم، سەرهخۆشی لە كەسوكاری قوربانییان دەكەم.
داواش لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم كە ڕێنماییەكان جێبەجێ بكەن، هەم ڕێنمایيی هاتوچۆ و هەم ئەو ڕێنماییانەی كە پێشكەشی خەڵكی كوردستان دەكرێن لەوەی كە خۆیان بە دوور بگرن لەو ناوچانەی كە گونجاو نین بۆ سەیران یان دەچنە سەر لێواری ڕووبار كە جێی مەترسین. ئەمانە هەمووی بۆ سەلامەتی و تەندروستیی خۆتانە، داواكارم پابەندی ڕێنماییەكانی حكومەت بن و دڵنیا بن كە حكومەت هەموو ئاسانكارییەك دەكات بۆ ئەوەی ئێوە لە خۆشیدا بن و بەختەوەر بن.
ئەمڕۆ یەكەم هەنگاوی پێكهێنانی حكومەتی فیدرالی لە بەغداش دەست پێدەكات، ئێمە تەمەننای سەركەوتن بۆ بەڕێز عەلی زەیدی دەخوازین، هیوادارین سەركەوتوو بێت لە پێكهێنانی حكومەتی خۆی و ئێمەش پاڵپشت دەبین بۆ ئەوەی حكومەتێكی فیدرال دروست بكرێ و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ بكرێن. بەشداریی ئێمە لە حكومەت و لە پەرلەمان بۆ ئەوەیە كە داكۆكی لە هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان و مافەكانی خەڵكی عێراق و جێبەجێكردنی دەستوور بكەین وەكوو خۆی.
بەشداریی ئێمە بەشدارییەكی كارا دەبێت و هەوڵ دەدەین كە پەیوەندییەكانمان لەوپەڕی باشی و لە ئاستێكی بەرزدا بن. هیوادارم ئەمە ڕێخۆشكەر بێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە هەرێمی كوردستانیش پەرلەمان كارا بكەینەوە و دواتر هەنگاوەكانی تریش دەست پێ بكەین بۆ پێكهێنانی حكومەت و بكەوینەوە خزمەتی خەڵكی كوردستان جارێكی تر.
دەستخۆشیی لە هەموو لایەكتان دەكەم، سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، هەر سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.
پاشان سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەبارەی پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم گوتی:
ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووین كە هەموو دامەزراوەكانی حكومەت و پەرلەمان كارا بن و ڕێز لە ڕا و بیروبۆچوونەكانی خەڵكی كوردستان بگیرێت. هەڵبژاردن كراوە بە مەبەستێك خەڵك متمانەی بە لایەنەكان داوە بۆ ئەوەی ئەو لایەنانەش بتوانن بە ئەمانەتەوە ڕووبەڕووی ئەو بەرپرسیارێتییە ببنەوە و لە خزمەتی خەڵكەكەدا بن، بۆیە پێمان باشە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئێمە لە ڕۆژی یەكەمەوە لەگەڵیدا بووین، پێكهێنانی حكومەت هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە ئێمە هەوڵی ئەوەمان داوە كە حكومەت زوو پێك بێت. هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەكانیش بگەنە ئەو قەناعەتە كە پێكهێنانی حكومەت و كاراكردنەوەی پەرلەمان لە خزمەتی خەڵكی كوردستان و لە ئەنجامدا لە خزمەتی خۆشیاندایە.
سەرۆکی حکومەت لەبارەی ئەوەی چاوەڕوانیی چییان لە حكومەتی داهاتووی عێراق هەیە گوتی: داوا دەكەین دەستوور وەكوو خۆی جێبەجێ بكات، مافەكانی كوردستان چیتر پێشێل نەكرێت، خزمەتگوزاری لە هەموو عێراقدا بە چاوێكی یەكسان ئەنجام بدرێ و ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەن بەرنامەیەكی تۆكمەیان بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێن.