دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار بۆ مانگی داهاتوو دواخرا
ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، دادگاییکردنەکەی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار بۆ مانگی داهاتوو دواخرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە کورستان24ـی راگەیاند، دادگاییکردنەکەی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار بۆ رۆژی چوارشەممە، 3-6-2026 دواخرا.
دانا تەقیەدین گوتی: هەندێک لە پارێزەرانی تیمەکەمان تەلەفۆنیان بۆ کراوە، هەرچەندە سەرچاوەی پەیوەندییەکان دیار نییە، بەڵام پێیان گوتراوە کە "بافڵ تاڵەبانی لەسەر ئەم بابەتە توڕەیە"، ئاماژەی بەوەش کرد، لەو پەیوەندییانەدا داوا لە پارێزەرەکان کراوە لە کەیسەکە بکشێنەوە و پێیان گوتراوە "ئەمە کاری ئێوە نییە".
راشیگەیاند، پارێزەر کاری پیشەیی خۆی دەکات، ئێمە دەمانەوێت دۆخەکە هێور بێتەوە، بەڵام ئەم هەڕەشانە بەهەند وەردەگرین و پێویستە داواکاری گشتی ئەم کەیسە بجوڵێنێت، دەشڵێت، لەو بڕوایەدا نیم بافڵ تاڵەبانی وابیر بکاتەوە کە لەناو پارکی ئازادی سلێمانیدا سەکۆیەکی ئازادیی رادەربڕینی دروست کردبێت، چونکە ئەگەر وابیر بکاتەوە، ئەوا نیشانەی پرسیار دەچێتە سەر "شاری ئازادیی رادەربڕین"، بۆیە پێدەچێت ئەوانەی تەلەفۆنیان کردووە، بەناوی بافڵ تاڵەبانییەوە قسەیان کردبێت.
ئەندامەکەی تیمی پارێزەرانی لاهور گوتی: هەر لە بەیانییەوە و پێش چوونە ناو هۆڵەکە، هەستمان بە پشێوییەک کرد، لەناو هۆڵەکەدا پاڵ بە کەسوکاری تۆمەتباران و ئێمەشەوە دەنرا بەبیانووی ئەوەی "جێگا نەماوە"، دەیانگوت دەبێت تەنیا چوار پارێزەر بێتە ژوورەوە. بەڵام ئێمە ئەمەمان رەتکردەوە و پێداگریمان کرد کە هەموومان بێینە ژوورەوە.
باسی لەوەشکرد، کاتێک حەمە رەش لەلایەن دادوەرەوە سوێند درا بۆ ئەوەی وەک گەواهیدەر قسە بکات، دادوەر پێی گوت: دەمەوێت گوتەکان لەدەمی خۆتەوە ببیستم، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: ئەم گوتانەی من هەندێکی راستە و هەندێکیشی وانییە، چونکە من لەژێر فشارێکی زۆر و ئەشکەنجەدان و هەڕەشەیان لێکردووم گوتیانە "هین وهینت لێدەکەین" ئەم قسانەم کردووە.
دەشڵێت، حەمە رەش لەبەردەم دادگادا بە وردی باسی چۆنیەتی ئازاردانی کرد و گوتی، "سەرم پێنج تەقەڵ دووراوەتەوە، ددانم شکێندراوە، چەقۆ لە پشتم دراوە و لەپیاوەتیشیان خستووم."
دانا تەقیەدین روومیشیکردەوە، ئێمە وەک تیمی پارێزەران، دادوەری دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانیمان لەم پێشێلکارییە ئاگادار کردەوە و داوامان کرد حەمە رەش ببردرێتە لیژنەی پزیشکی، لە ئێستاشدا رێکخراوی مافی مرۆڤ خەریکی دۆسیەکەیە.
دانا تەقیەدین ئشکراشیکرد، بەپێی ماددەی 333ـی یاسای سزادان ئەو ئەفسەرەی ئەم ئەشکەنجەدانەی کردووە، سزا دەدرێت، لەکارەکەی دوور دەخرێتەوە و چیتر بۆی نییە بخرێتەوە سەر کاری فەرمی، ئەگەر بەڕێوەبەر و ئەفسەرانی دیکەش ئاگاداری بابەتەکە بووبێتن، هەمان سزایان بەسەردا دەسەپێت، دەبێت قەرەبووی ماددی و مەعنەوی حەمە رەش بکرێتەوە.
ئێمە وەک تیمی پارێزەران بە دادوەرمان گوتووە کە پێویستە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کە سکاڵاکاری کەیسەکەن، ئامادەی دادگا بن بۆ پرسیار و وەڵام. دادوەر لە وەڵامدا رایگەیاندووە، "خۆیان شاهێدی زیندووی دۆسیەکە نین و ئێمە گوتەمان لێوەرگرتوون، بۆیە خۆیان نازانن هەوڵدانی کوشتنیان چۆن بووە."
رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، موحسین خۆشناو، پاسهوانی لاهور شێخ جهنگی و 11 دهستگیركراوی دیكهی لالهزار ئازاد کران.
ئەمە لە کاتێکدابوو، رۆژی پێنجشەممە (09ـی نیسانی 2026)، 14 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کران، کە یاسین بەرزنجی، بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهور شێخ جەنگی یەکێکیان بوو.
پێشتریش، ژمارەیەک دەستگیرکراوی دیکە ئازاد کرابوون؛ حەوت کەس لە 3ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، هەروەها لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە.
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.