بازاڕی پایسکیل فرۆشانی هەولێر بۆ شوێنێکی نوێ و مۆدێرن دەگوازرێتەوە
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بڕیاری گواستنەوەی بازاڕی پایسکیل فرۆشانی بۆ شوێنێکی نوێ و مۆدێرن لەسەر رێگەی کەرکووک دەرکرد و داوا لە کاسبکارانی ئەو بوارە دەکرێت، شوێنە کۆنەکەیان لە سەنتەری شار چۆڵ بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 16ی حوزەیرانی 2026، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەیەکە بڕیاری گواستنەوەی بازاڕی پایسکیل فرۆشانی هەولێر بۆ بازاڕێکی نوێ و مۆدێرن لەسەر رێگەی سەرەکیی کەرکووک دەرچووە. ئاماژەی بەوەش کرد، بازاڕەکە تایبەت بە پایسکیل فرۆشان دروست کراوە و تەواوی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەکانی تێدا دابین کراوە.
سەرۆکی شارەوانی گوتیشی، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دووکاندارانی بازاڕەکە لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بازاڕی ئێستا چۆڵ بکرێت و سەرجەم کاسبکاران بگوازرێنەوە بۆ شوێنە نوێیەکە. سەبارەت بە نیگەرانی بەشێک لە دووکاندارەکان، کارزان عەبدولهادی دووپاتی کردەوە، شوێنی ئێستایان زۆر قەرەباڵغ بووە و سیمایەکی ناشیرینی بە شار بەخشیوە، هەروەها هاتووچۆ تێیدا ئەستەم بووە؛ بۆیە کاتێک دووکاندارەکان دەگوازرێنەوە، تێدەگەن بڕیارەکە چەندە لە بەرژەوەندی ئەواندا بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لیژنەیەک بۆ راییکردنی مامەڵەی دووکاندارەکان و خێراکردنی پرۆسەی گواستنەوەی بازاڕەکە پێکهێنراوە. ئێستا 35 خاوەن دووکان لە بازاڕی پایسکیل فرۆشانی هەولێر کار دەکەن، کە دەکەوێتە سەنتەری شار و بە یەکێک لە بازاڕە هەرە قەرەباڵغەکان دادەنرێت.