یەپەژە پێشنیازێکی نوێ دەداتە وەزارەتی بەرگریی سووریا
فەرماندەی گشتیی یەپەژە ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سووریادا پێشنیازیان کردووە وەک لیوایەکی تایبەت ئەرکی پاراستنی ناوچەکانی خۆیان بگرنە ئەستۆ، ئەو فەرماندەیە رەتیکردەوە تەنیا وەک هێزێکی ئاسایشی ناوخۆ بناسرێن و جەختی لە گرنگی ناسنامەی سەربازیی ژنان بۆ بەدیهێنانی ئارامی لە سووریادا کردەوە.
رۆهەلات عەفرین، فەرماندەی گشتیی یەکێتیی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە پانێلێکی پەیمانگای ئاشتیی کورددا رایگەیاند، بەبێ داننان بە ناسنامەی سەربازیی ژنان، هیچ سەرکەوتوون لە پرۆسەی ئارامیی سووریادا بەدی نایەت.
ئەو فەرماندەیە جەختی لە پێویستی گوشار خستنە سەر حکوومەتی دیمەشق کردەوە بۆ داننان بە مافی یاسایی و سیاسیی ژنان لە ناو سوپادا، ئاماژەی بەوەش کرد، لەم بارەیەوە لەگەڵ تۆم بەڕاک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆیان کردووە و لێکتێگەیشتنەکان بەردەوامن.
رۆهەلات عەفرین ئاماژەی بەوە کرد، عەقڵییەتی پیاوسالاری ناوچەکە، سوپای وەک ئامرازێک بۆ تاڵانکردن و سەرکوتکردنی ئیرادەی کۆمەڵگە بونیاد ناوە، نەک بۆ پاراستن.
ئەو فەرماندەیە گوتیشی، نەبوونی ژنان لە ناو پێکهاتەی سوپادا وا دەکات ئەو سوپایە بە تەواوەتی بکەوێتە دەستی پیاوان و ببێتە مەترسی بۆ سەر بەهاکانی کۆمەڵگە، وەک ئەوەی لە سەردەمی داعشدا بینرا.
فەرماندەی گشتیی یەپەژە روونیشی کردەوە، لە کۆبوونەوەیەکی فەرمیدا لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سووریا، پێشنیازی مانەوەی یەپەژەیان وەک لیوایەکی تایبەتی پاراستن لە ناوچەکانی خۆیاندا کردووە بۆ گرتنە ئەستۆی ئەرکی پاراستنی دەستکەوتەکان.
رۆهەلات عەفرین ئەوەشی خستە روو، بەرپرسانی دیمەشق پێشنیازی جێگیرکردنی یەپەژەیان تەنیا وەک هێزێکی ئاسایشی ناوخۆ کردووە، بەڵام ئەوان ئەم مەرجەیان رەتکردووەتەوە، چونکە بوونی یەپەژە وەک هێزێکی سەربازیی خاوەن ئەزموونی 14 ساڵە، متمانە و ئارامی بە هەموو ژنانی سووریا دەبەخشێت.