بۆچی عێراق و کوەیت ناتوانن دەستبەجێ هەناردەی نەوت زیاد بکەن؟

سەرەڕای راگەیاندنی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام هێشتا بازاڕەکانی نەوت لە دڵەراوکێدان. شارەزایان پێیان وایە کۆسپەکان تەنیا سیاسی نین، بەڵکو پرسی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی وڵاتانی وەک عێراق و کوەیت و تێچووی هاتوچۆی کەشتییەکان، وایکردووە ئاساییبوونەوەی بازاڕی وزە کاتێکی زیاتری بوێت.

ناوەڕۆکی وردی رێککەوتننامەکە هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا بڵاو بکرێتەوە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئێران تەنیا بۆ ماوەی 60 رۆژ رێگە بە هاتوچۆی بێبەرانبەر و بێ گرفت دەدات لە گەرووەکەدا، بەڵام ئەگەر هەیە دوای ئەو وادەیە داوای باج و سەرانە لە کەشتییەکان بکات. لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی گەمارۆکان و گرژییە سەربازییەکان دەکات ئەگەر تاران سەرکێشی بکات، ئەمەش وایکردووە هیچ لایەک دڵنیا نەبێت لەوەی گەرووەکە تا کەی بە کراوەیی دەمێنێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، شرۆڤەکارانی بواری وزە دەڵێن ئەو هۆکارانەی لە مانگەکانی رابردوودا نرخی نەوتیان بەرز کردەوە، هێشتا کاریگەرییان ماوە. کۆگاکانی نەوتی جیهان لەم 3 مانگەی دواییدا بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە بەتاڵ بوون و پڕکردنەوەیان کاتی دەوێت.

کێشەی سەرەکی لە کەرتی بەرهەمهێناندایە؛ هەرچەندە دامەزراوە نەوتییەکانی کەنداو زیانی فیزیکییان بەرنەکەوتووە، بەڵام وڵاتانی وەک عێراق و کوەیت ناچار بوون ئاستی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێنن، چونکە بەهۆی داخرانی گەرووەکەوە کەشتییان دەستنەدەکەوت بۆ گواستنەوەی نەوتەکەیان و کۆگاکانیشیان لێ رژابوو. خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کاتی شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا، رۆژانە نێوان 11 بۆ 13 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکان بڕاوە.

نەواف سەباح، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی کوەیت، لە کۆنفرانسێکدا لە واشنتن هۆشداری دا کە هەرچەندە بەشێکی زۆری بەرهەمهێنان دەتوانرێت بە خێرایی دەست پێ بکاتەوە، بەڵام گەڕانەوەی هەموو تواناکان کارێکی ئاسان نییە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت (لە کۆی 20 ملیۆن بەرمیلی وڵاتانی کەنداو) بۆ ماوەی چەندین مانگی دیکە نەگەڕێتەوە ناو بازاڕەکان.

هەرچەندە وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەرازیل و گویانا ئاستی بەرهەمهێنانیان زیاد کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە هاوسەنگی بخریتە نێوان خواست و خستنەڕوو. ناوەندە جیهانییەکانی وزە پێشبینی دەکەن کە تاوەکو کۆتاییەکانی ئەمساڵ، بازاڕی نەوت بەو ناسەقامگیرییە بمێنێتەوە و گەشبین نین بەوەی بەم زووانە بڕی پێویستی نەوت بگاتە دەستی بەکارهێنەران.