سوپای پاسداران ئاماری زیانەکانی ئەمریکای بڵاوکردەوە
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی 15 رۆژدا زیانی قورسیان بەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە گەیاندووە؛ لەوانە کوژرانی زیاتر لە 200 سەرباز، تێکشکاندنی 11 فڕۆکەی جەنگی و کۆپتەر، و لەناوبردنی دەیان رادار و ناوەندی فەرماندەیی؛ جەختی کردەوە سیستەمەکانی بەرگریی ئەمریکا تووشی شکستی گەورە بوون لە بەرامبەر هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی تاراندا.
شەممە 25ـی تەممووزی 2026، حوسێن موحێبی گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی تەسنیم، ئاماری وردی ئەو زیانانەی خستەڕوو کە لە ماوەی 15 رۆژدا (8ـی تەممووز تا 21ـی تەممووز) بەهۆی هێرشەکانیانەوە بەر سوپای ئەمریکا کەوتوون.
بەپێی گوتەی موحێبی، هێزە چەکدارەکانی ئێران لەم ماوەیەدا 11 فڕۆکەی جەنگی و کۆپتەری ئەمریکییان لە کاتی وەستانیان لەسەر زەوی لە ناو بنکە سەربازییەکاندا بە تەواوی تێکشکاندووە.
لیستە راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران بۆ زیانەکانی ئەمریکا بەم شێوە خراوەتەڕوو؛ 17 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی چاودێری و هێرشبەر (کە 8 دانەیان نوێ بوون)، فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-15 لە ناو شێڵتەرەکەیدا، فڕۆکەیەکی چاودێریی دەریایی جۆری P-8، فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازیی جۆری C-17، هەشت فڕۆکەی گواستنەوەی سووتەمەنی، 4 کۆپتەری قورسی سەربازی و 6 مووشەکی پاشکۆکراو تێکشکاێندراون.
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سیستەمە بەرگرییەکانی پاتریۆتی ئەمریکی لە ناوچەکەدا هێندە لاواز بوون کە مووشەک و درۆنەکانی ئێران بەبێ هیچ جۆرە رێگرییەک ئامانجەکانیان دەپێکن.
هاوکات بەگوێرەی لیستەکەی سوپای پاسداران؛ 7 ناوەندی فەرماندەیی و چاودێری، 3 سیستەمی پەیوەندی مانگی دەستکرد، 6 راداری بەرگریی پاتریۆت، 3 راداری مۆنیتۆرکردنی ئاسمانی و دەریایی، 8 سیستەمی راداری دۆزینەوە و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، 7 راداری بەرگریی مووشەکی، 3 سیستەمی راداری جۆری EPS و 2 راداری جۆری EPS 117، هاوشانی 5 راداری مەودا درێژ، 2 راداری بەرگری و یەک راداری تاکتیکی لە لایەن ئێرانەوە تێکشکێندراون.
گوتەبێژی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی هێرشەکان پەکخستنی تەواوی ژێرخانی سەربازیی ئەمریکا بووە، و هێزەکانیان زیانی قورسیان بە 6 کۆگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9، کۆگایەکی ئامادەکردنی فڕۆکەی F-15، کۆگایەکی درۆنی ئاکبەند، 2 ناوەندی فەرماندەیی، کۆگایەکی سووتەمەنی ناو فڕۆکەهەڵگر، کۆگایەکی فڕۆکەی P-8، چوار سەکۆی مووشەکی جۆری هایمارس (HIMARS)، 5 کۆگای فڕۆکەی جەنگی، 4 مۆڵگەی بەرگریی پاتریۆت، 6 سەکۆی تەقاندنی مووشەک، وێستگەیەکی سووتەمەنی، 2 ناوەندی پەیوەندی، داتاسەنتەرێکی زانیاری، یەک ناوەندی هوشیاریی دەستکردی سەر بە کۆمپانیای ئامازۆن لە بەحرەین، مۆڵگەیەکی کەشتیگەلی سێبەر، بەندەرێکی سووتەمەنی، 4 شێڵتەری فڕۆکەی جەنگی و 6 رەمپی فڕین. هاوشانی 12 کۆگای سووتەمەنی و 17 کۆگای گواستنەوەی چەک گەیاندووە.
سەبارەت بە زیانە مرۆییەکانی سوپای ئەمریکا، حوسێن موحێبی جەختی کردەوە "هێزەکانیان 8 بنکەی نیشتەجێبوونی سەربازانی ئەمریکییان بۆردوومان کردووە؛ ئاشکرای کرد کە تەنیا لە ئۆپەراسیۆنی "نەسر 2"دا، تێکڕای کوژراوانی ئەمریکا زیاتر لە 200 کەس بووە و ژمارەی بریندارەکانیش زۆر لەوە زیاترە، و داوای لە حکوومەتی ئەمریکا کرد کە رێگە بە رۆژنامەنووسان بدات تا بچنە شوێنی پێکدادانەکان و بە چاوی خۆیان ئاستی راستەقینەی زیانەکان هەڵسەنگێنن."
ئێران هەڕەشە لە بەریتانیا و وڵاتانی کەنداو دەکات: هاوکاریکردنی ئەمریکا دەتانکاتە ئامانجی شەرعیی ئێمە
حوسێن موحێبی، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا سوپای پاسداران یەکەمجار جەنگی دەستپێکردووە یان نا، گوتی: "بەپێی لێک تێگەیشتنی هاوبەش، بڕیار وابوو تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە ناو گەرووی هورمزدا بەپێی رێنمایی و بڕیارەکانی ئێران بێت، بەڵام هاوشێوەی پێشبینییەکانمان ئەمریکا پەیمانەکەی شکاند و رێڕەوێکی جیاوازی بۆ کەشتییەکان راگەیاند. لە دوای ئەم پێشێلکارییە، سوپای پاسداران رێگری لە کەشتییەکان کرد و کەشتییە سەرپێچیکارەکەی پێکا."
گوتەبێژی سوپای پاسداران جەختی کردەوە، ئەمریکا لە جیاتی گەڕانەوە بۆ بەڵێنەکان، هێرشی کردە سەر کەناراوەکان، دوورگەکان و رادارەکانی ئێران، بۆیە دەستدرێژییە نوێیەکە لە لایەن ئەمریکاوە ئەنجام دراوە و ئۆپەراسیۆنی "نەسر 2"ی هێزەکانی ئێرانیش تەنیا بۆ ناچارکردنی ئەمریکا بووە بۆ گەڕانەوە بۆ بەڵێنەکانی.
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی تر، موحێبی هۆشداریدا: "هەر وڵاتێک، جا بەریتانیا بێت، یان دەوڵەتانی کەنداو یان هەر لایەنێکی دیکە، ئەگەر لەم جەنگەدا پشتگیری لە ئەمریکا بکەن، دەبنە ئامانجی شەرعی و فەرمیی ئێران." موحێبی بە تایبەتی ئاماژەی بە بەکارهێنانی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری B-1ی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەکانی بەریتانیا کرد و گوتی: "ئەگەر هاوکاری لەندەن لەم کایە سەربازییەدا بەردەوام بێت، دەبێتە ئامانجی شەرعی و حەتمیی ئێمە و ئێمە بۆ هەر دۆخێک سیناریۆی تایبەت بە خۆمان هەیە."
حوسێن موحێبی رایگەیاند، تەلئەڤیڤ دەیەوێت بە پێشکەشکردنی زانیاریی ناڕاست و هاندانی سەرۆکی ئەمریکا، واشنتن لە ناوچەکەدا بهێڵێتەوە تا مەرامەکانی خۆی بە هێزی ئەمریکا جێبەجێ بکات؛ گوتی: "ئیسرائیل باش دەزانێت ئەگەر دووبارە بگەڕێتەوە نێو جەنگەکە و ئێمە سەرنج بخەینە سەری، چ کارەسات و زیانێکی گەورەی بەسەردا دەهێنین."