سوپای پاسداران: دوو نەوتهەڵگر کرانە ئامانج و چوار کەشتیش گەڕێندرانەوە

سوپای پاسداران رایگەیاند، دوو کەشتیی نەوتهەڵگریان لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج و چوار کەشتیی دیکەشیان ناچار کردووە رێڕەوی خۆیان بگۆڕن، هاوکات هۆشداری داوەتە ئەمریکا کە دەستوەردان لە کاروباری بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزدا بەکات، چونکە بێ وەڵام نامێنێتەوە.

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکی نوێدا ئاماژەیداوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 31ـی ئابی 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسداران دوو کەشتیی نەوتهەڵگریان کردووەتە ئامانج، کە سەرپێچیان لە رێکار و رێنماییەکانی کردووە، هاوکات چوار کەشتی دیکەی نەوتهەڵگریان ناچارکردووە بە خێرایی رێڕەوی خۆیان بگۆڕن و لە ناوچەی قەدەخەکراودا دوور بکەونەوە.

هەر لە راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران هاتووە، ئەو کەشتییانە لەژێر کاریگەریی سوپای ئەمریکا هەوڵیانداوە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی ئەوان بە رێڕەوێکی دیکەدا تێپەڕ ببن کە جیایە لە رێڕەوەی سوپای پاسداران دیاری کردووە.

هاوکات سوپای پاسداران راگەیەنراوەکەی سێنتکۆم رەتدەکاتەوە کە ئاماژەیداوە، کەشتییەکان بە پشتیوانی ئاسمانی ئەمریکا بە گەرووی هورمزدا هاتوچۆ دەکەن و بە خاوەن کۆمپانیاکانی راگەیاند، گرنگی بە راگەیەندراوەکانی سێنتکۆم نەدەن، "بەڵکو پرسیار لەوانە بکەن کە زیانیان پێگەیشتووە."

سوپای پاسداران جەختی لەوەش کردەوە، هێزی دەریایی سوپا بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز. لە کۆتاییدا هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداریی داوە کە "دەستوەردان و فەرمانە نایاساییەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکان لە ناوچەکەدا بە بێ وەڵام نامێنێتەوە."