دڵزار حەسەن بە کتێبی 'شوێنپێی وشە' دەروازەیەکی نوێ بۆ خوێندنەوەی شیعری کوردی دەکاتەوە

دڵزار حەسەن، نووسەر و شاعیری کورد، کتێبێکی نوێی بە ناونیشانی "شوێنپێی وشە"، لەلایەن دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی چاپکراوە، بڵاودەکاتەوە. ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت، "لەم کتێبەدا هەوڵم داوە شێوازێکی تازە بۆ قسەکردن لەسەر دەقی شاعیران پەیڕەو بکەم و خوێندنەوەیەک پێشکەش بکەم لە خوێندنەوە باوەکانی پێشووی دەق جیاوازتر بێت."

چوارشەممە، 26ی ئابی 2026، دڵزار حەسەن، نووسەر و شاعیری کورد، بە کوردستان24ی راگەیاند، "بە نووسینی ئەم کتێبە دەمەوێت دەرگەیەکی جیاواز بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لە دەقی ژمارەیەک لە شاعیرانی کلاسیک و هاوچەرخی کوردی بکەمەوە؛ کتێبێک بە پشتبەستن بە میتۆدە نوێکانی رەخنەی ئەدەبی و لە روانگەی فەلسەفی، عیرفانی و بونیادگەرییەوە هەندێک لایەنی شاراوەی دەقەکانم خستەڕوو."

گوتیشی، "یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کتێبەکەم ئەوەیە خوێنەر تەنیا لەسەر رووی دەق نەوەستێت، بەڵکو بتوانێت لە پشت وشە و وێنە و ماناکانی شیعرەکاندا لایەنە شاراوەکان و ئەو واتایانە ببینێت کە لە خوێندنەوەی ئاسایی دەقەکەدا رەنگە دەستنیشان نەکرێن."

دەربارەی را و سەرنجی خۆی لە خوێندنەوەی دەقەکاندا، دڵزار حەسەن دەڵێت، "لەگەڵ بەکارهێنانی میتۆدەکانی رەخنەی هاوچەرخ، را و سەرنجی کەسی خۆشم لە خوێندنەوەی دەقەکاندا بەکار هێناوە، چونکە لە دیدی من خوێندنەوەی رەخنەیی دەبێت بتوانێت دەق لە دەروازەیەکی نوێوە ببینێت. یەکێک لە نموونە دیارەکانی ئەم شێوازەی خوێندنەوە، کارم لەسەر دەقە شیعرییەکانی قوبادی جەلیزادەیە کردووە؛ شاعیرێک کە ئایکۆنێکی تایبەتە لە دنیای ئەدەبی کوردیدا."

دڵزار حەسەن جەختی لەوەش کردەوە، "لەسەر دەقە شیعرییەکانی قوبادی جەلیزادە بە فۆرمێک کارم کردووە کە خوێنەر پێشتر ئەو شێوەیەی بۆ نەچووە. قوباد لە دنیای ئەدەبی ئێمەدا ئایکۆنێکی تایبەتە، بەڵام من لەم کتێبەدا ویستوومە قوباد بە شێوە و فۆرمێکی دیکە بە خوێنەر بناسێنم و هەندێک لایەنی شاراوەی دەقەکانی بە شێوەیەکی جیاواز بخوێنمەوە"

دڵزار حەسەن ئاماژەی بەوەش دا، "کتێبی "شوێنپێی وشە" کتێبێکی قەبارە گەورەیە و ئەم کتێبە دووەمین بەرهەمی منە لە بوارى توێژینەوە و لێدوانی ئەدەبی؛ دوای کتێبی "ئەدەب و رۆمان" کە یەکەم کاری منە لەم بوارەدا."

دڵزار حەسەن، نووسەر و شاعیری کورد، لەساڵی 1975 لە هەولێر لەدایکبووە. بڕوانامەی دیبلۆمی لە زانستی ئایینیدا هەیە. لە بوارەکانی شیعر، وەرگێڕان، رەخنەی ئەدەبی و رۆژنامەنووسیدا کار دەکات. خاوەنی چەندین بەرهەمی چاپکراو و نووسینی جۆراوجۆرە لە ناوەندە رۆشنبیرییەکاندا.