ئاگرەکەی شارباژێڕ کۆنترۆڵ کرا
پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، ئاگرەکەی سنووری قەزای شارباژێڕ بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا
یەکشەممە 30ی ئابی 2026، ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکەوە ئاشکرای کرد، دوای چەندین کاتژمێر لە هەوڵی چڕ و بەردەوامی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، پۆلیسی دارستان، خێرخوازان و دانیشتووانی گوندەکانی ناوچەکە، توانرا ئاگرە گەورەکەی سنووری شارباژێڕ لە نزیک گوندی بایزاوا و شاخەکانی دەوروبەری بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت و دابمرکێنرێتەوە.
پەیامنێری کوردستان24 روونیکردەوە کە بەهۆی بوونی کێڵگەی مین و مەترسیی تەقینەوە لەسەر چیاکە، تیمە تەندروستییە سەربازییەکانی تایبەت بە بەرەکانی جەنگ کە خاوەن ئەزموونێکی زۆرن لە سەردەمی شەڕی دژ بە داعش و یاوەرییکردنی هێزەکانی پێشمەرگەدا بەشدار بوون لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، تا لە ئەگەری هەر رووداوێکی نەخوازراو یان تەقینەوەی میندا دەستبەجێ فریاگوزاریی سەرەتایی پێشکەش بە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و هاووڵاتییان بکەن، و پاش تەواوبوونی ئەرکەکانیشیان سەرجەم تیمەکان بە سەلامەتی گەڕانەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەهۆی هەورەبرووسکەوە ئاگرێکی گەورە لە پوش و پاوانی قەزای شارباژێڕ لە نزیک گوندی بایزاوا کەوتەوە و بەرەو سنووری قەیوان و کۆلارەش تەشەنەی سەند. ئاگرەکە بووە هۆی سووتانی سەدان دۆنم لە لەوەڕگە و دارستانی سروشتیی ناوچەکە، بەڵام بە هەوڵی هاوبەشی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاووڵاتییان ڕێگری لە سووتانی ماڵ و ڕەزی هاووڵاتییان کرا و هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە.
سەختیی جوگرافیای ناوچەکە و بوونی کێڵگەی مین لەسەر لووتکەی چیاکە کە مێژووەکەی بۆ شەڕەکانی ساڵانی هەشتاییەکان دەگەڕێتەوە، هاوکات لەگەڵ تەقینەوەی مینێک بەهۆی گڕی ئاگرەکەوە، ببوونە گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەدا بۆ دامرکاندنەوەی خێرای ئاگرەکە.