ئه‌ردۆغان: دامه‌زراندنى كيانێكى كورديى له‌ سووريا هه‌ڕه‌شه‌يه‌

سه‌رۆك كۆمارى توركيا، نيگه‌رانى خۆى له‌ پێشڕه‌وييه‌كانى يه‌په‌گه‌، له‌ دژى چه‌كدارانى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى ده‌ربڕى.

K24- هەولێر


سه‌رۆك كۆمارى توركيا، نيگه‌رانى خۆى له‌ پێشڕه‌وييه‌كانى يه‌په‌گه‌، له‌ دژى چه‌كدارانى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى ده‌ربڕى.
دوێنێ یەکشەممە (14.6.2015) يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه‌)، دواى 48 کاتژمێر له‌ گه‌مارۆدانى ناوچه‌ى "سلوك" توانيان كۆنترۆڵى ناوچه‌كه‌ بكه‌ن و به‌ره‌و شارۆچكه‌ى "گرده‌سپى" پێشڕه‌وى بكه‌ن.
له‌ ماوه‌ى 10 رۆژى رابردوودا، به‌ هۆى شه‌ڕوپێكدادانى نێوان چه‌كدارانى داعش و يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل، زياتر له‌ 13 هه‌زار هاووڵاتى سوريا وه‌ك په‌نابه‌ر روويان له‌ سنووره‌كانى توركيا كردووه‌.
هەر دوێنێ ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركيا، رايگه‌ياند، نيگه‌رانه‌ له‌ پێشڕه‌وى هێزه‌ كوردييه‌كان به‌ره‌و گرده‌سپى و ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر داهاتووى توركيا.
له‌و باره‌يه‌وه‌، حوسێن خوجه‌ر، يه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل، رايگه‌ياند، هێزه‌كانيان گه‌يشتوونه‌ته‌ ده‌وروبه‌رى شارۆچكه‌ى گرده‌سپى و ته‌نيا 50 مه‌تريان ماوه‌ بگه‌نه‌ شارۆچكه‌كه‌ و له‌ ئێستادا شه‌ڕ له‌ ده‌روازه‌ى شاره‌كه‌يه‌.
ئه‌ردۆغان، گوتيشى: "كورده‌كان، عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانيان كردووه‌ته‌ ئامانج و ته‌نيا له‌ هه‌فته‌ى رابردوودا 15 هه‌زار ئاواره‌ روويان له‌ توركيا كردووه‌".
هه‌روه‌ها گوتى: "هێزه‌كانى سه‌ر به‌ پارتى يه‌كێتى ديموكراتى و پارتى كرێكارانى كوردستان ئه‌و ناوچانه‌يان كۆنترۆڵ كردووه‌، كه‌ دانيشتووانه‌كه‌ى ئاواره‌ بوون".
ئه‌ردۆغان، له‌ كاتى گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌ ئازه‌ربايجان، دواى دابه‌زينى له‌ فڕۆكه‌ تايبه‌تييه‌كه‌ى ئه‌و قسانه‌ى بۆ رۆژنامه‌نووسانى وڵاته‌كه‌ى كرد.
سه‌باره‌ت به‌ داهاتووى ناوچه‌كه‌ش، گوتى: "ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ سه‌ر ده‌كێشێت بۆ درووستبوونى كيانێكى كوردى و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ ئاسايشى توركيا و سنووره‌كانى و پێويسته‌ هه‌موو لايه‌ك له‌ هه‌ستيارى ئێمه‌ به‌رامبه‌ر به‌و كێشه‌يه‌ تێبگه‌ن".