ئەمریكا: لە 2014دا ئێران پشتیوانێكى گەورەى تیرۆر بووە
K24 – ھەولێر
لە راپۆرتێكدا حكوومەتى ئەمریكا، كۆمارى ئیسلامى ئێرانى وەك یاریدەدەر و پشتیوانى گرووپە "تیرۆریستەكان" لە عێراق و سووریا و لوبنان هەژمار كرد.
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریكا لە راپۆرتى ساڵانەى خۆیدا، كە رۆژى هەینى رابردوو بڵاویكردەوە، كۆمارى ئیسلامى ئێرانى بە "پشتیوانیكردنى تیرۆر" تۆمەتبار كردووە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە: "لە 2014دا ئێران بە شێوەیەكى سەرەكى پشتیوانیى لە حزبوڵڵاى لوبنان و بزوتنەوەى بەرەنگارى ئیسلامى فەلەستین (حەماس)ى كردووە".
هەروەها لە راپۆرتەكەدا هاتووە: "ئێران لە رێگەى بەكارهێنانى میلیشیاكانى شیعەوە كارى بۆ ئەوە كردووە، لە بەرەنگاربوونەوەى داعشدا لە عێراق رۆڵى ئەمریكا و هاوپەیمانەكانى لە بۆردومانكردن و لاوازكردنى داعشدا بكاتە لاوەكى و خۆى وەك پاڵەوان دەركەوێت و كارى بۆ ئەوە كردووە لە بایەخى هاوكارییەكانى ئەمریكا كەم بكاتەوە".
سەبارەت بە رەوشى سووریا، راپۆرتەكە باسى لەوە كردووە، ئێران هاوپەیمانێكى بەهێزى سەرۆكى سووریا بەشار ئەسەدە و لە مەیدانى شەڕو پێكدادانەكانیش هاوكارى هەمەلایەنى چەكدارانى بەشار دەكات.