ئێران و یەكێتى ئەوروپا كۆبوونەوە

ئێران و یەكێتى ئەوروپا جارێكى دیكە بۆ تاوتوێكردنى بەرنامەى ناووكى كۆمارى ئیسلامى ئێران كۆبوونەوە و چاوەڕوان دەكرێت لە كۆتایى ئەم مانگەدا رێككەوتنیى كۆتایى نێوان ئێران و خۆرئاوا واژوو بكرێت.

K24 – ھەولێر

 

ئێران و یەكێتى ئەوروپا جارێكى دیكە بۆ تاوتوێكردنى بەرنامەى ناووكى كۆمارى ئیسلامى ئێران كۆبوونەوە و چاوەڕوان دەكرێت لە كۆتایى ئەم مانگەدا رێككەوتنیى كۆتایى نێوان ئێران و خۆرئاوا واژوو بكرێت.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیرى دەرەوەى كۆمارى ئیسلامى ئێران و هەریەك لە هاوتا بریتانى، ئەڵمانیى، فەرەنسایى و هاوتاكەى لە یەكێتى ئەوروپا رۆژى دووشەممە لە لۆكسۆمبۆرگ كۆبوونەوە.

سەرچاوەیەكى بەرپرس لە یەكێتى ئەوروپا بۆ فرانس 24 رایگەیاندووە،  كۆبوونەوەكە وەك ئامادەكارییەك بووە بۆ گەڕى كۆتایى دانووستانەكانى نێوان ئێران و خۆرئاوا.

هاوكات ئەو كۆبوونەوەیە لە پەراوێزى كۆبوونەوەى مانگانەى وەزیرانى دەرەوەى یەكێتى ئەوروپا لە لۆكسمبۆرگ ئەنجامدراوە.

ماوەى 20 مانگە دانووستاندنى نێوان ئێران و گرووپى (5+1) بەردەوامە بە مەبەستى گەیشتن بە رێككەوتنێكى كۆتایى سەبارەت بە پرسى ناووكى ئەو وڵاتە و بڕیارە لە كۆتایى ئەم مانگەدا واژوو لەسەر ئەو رێككەوتنە بكرێت.