ئۆباما: ناكۆكى قوڵمان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌يه
باراك ئۆباما، سه‌رۆكى ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا رايگه‌ياند، وڵاته‌كه‌ى ناكۆكى قوڵى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلامى ئێران‌دا هه‌يه.
K24- هەولێر
باراك ئۆباما، سه‌رۆكى ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا رايگه‌ياند، وڵاته‌كه‌ى ناكۆكى قوڵى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلامى ئێران‌دا هه‌يه. ئه‌م قسانه‌ى ئۆباما وه‌ك هه‌وڵێك بۆ ره‌واندنه‌وه‌ى مه‌ترسى دۆسته‌كانى ئه‌مريكا له خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هه‌ژمار ده‌كرێن.
رۆژى سێشه‌ممه 14ى ته‌مموزى 2015، له شارى ڤيه‌ننا وڵاتانى ئه‌ندامى ههميشهيى ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى و ئه‌ڵمانيا، كه به گرووپى (5+1) ناسراوون، له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلامى ئێران رێككه‌وتنێكى ههمهلايهنيان سه‌باره‌ت به پرسى ناووكى ئێران واژوو كرد.
واژووكردنى ئه‌و رێككهوتننامهيه نيگه‌رانى له لاى وڵاتانى كه‌نداو و ئيسرائيل درووست كردووه و ئه‌وان ترسيان لهوهيه رێككه‌وتنه‌كه ببێته هۆكارێك بۆ فراوانبوونى ده‌سه‌ڵاتى ئێران له ناوچه‌كه‌دا.
له‌و باره‌يه‌وه ئۆباما چه‌ند رێككارێكى گرتووه‌ته به‌ر و وێڕاى ئه‌وه‌ى خۆى به ته‌له‌فۆن په‌يوه‌ندى كردووه له پادشاى عه‌ره‌بستانى سعووديه و جێنشينى قه‌ته‌ر و سه‌رۆك وه‌زيرانى ئيسرائيله‌وه، بڕيارى داوه وه‌زيرى به‌رگرى وڵاته‌كه‌شى ره‌وانه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بكات.
ئۆباما له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانييدا، ئه‌وه‌ى دووپاتركردهوه، كه "ئێران نوێنه‌رايه‌تى ته‌حداى دژ به به‌رژه‌وه‌ندى و به‌هاكانى ئه‌مريكا ده‌كات".
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كرد، "ئێران به‌رده‌وامه له پشتيوانيكردنى تيرۆر و به‌كارهێنانى گرووپه‌كانى ژێرركێفى بۆ ئه‌وه‌ى ره‌وشى ئاسايش و ئارامى به‌شێك له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بشێوێنێت".