یونامی: بڕیاره‌كه‌ی عه‌بادی عێراق به‌هێزتر ده‌كات
K24 – ھەولێر
"چاكسازییه‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی عێراق بڕیارێكی بوێرانه و دادوه‌رانه‌یه له‌سه‌ر بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی".
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (11-8-2015) "جۆرج بۆستن"، جێگرى ئه‌ميندارى گشتى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان، له به‌یانێكدا، رایگه‌یاند: "چاكسازییه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی عێراق، بڕیارێكی بوێرانه و دادوه‌رانه‌یه له‌سه‌ر بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵیه‌كان و باشتكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان له عێراق".
روونیشی كردووه‌ته‌وه: "ئه‌و چاكسازیانه واده‌كات یه‌كێتی رۆحی نیشتمانی له‌لایه‌ن گه‌لی عێراقه‌وه به‌هێزتر بێت و خێراتر هه‌وڵه‌كانی خۆی یه‌ك بخات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆرستان و پاراستنی سه‌لامه‌تی هاووڵاتیان".
هه‌ر له بهيانهكهدا هاتووه: "بڕیاره‌كه‌ی عه‌بادی له باره‌ی چاكسازی شتێكی دڵخۆشكه‌ر بوو بۆ گه‌لی عێراق".
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو (9-8-2015)، "حه‌یده‌ر عه‌بادی"، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌مه‌به‌ستی باشتركردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان و رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و بنبڕكردنی له ده‌زگا حكومییه‌كانی عێراق، چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد له‌وانه "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پۆستی جێگری هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عێراق".
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دانیشتنێكی سه‌باره‌ت به چاكسازییه‌كانی عه‌بادی ئه‌نجامدا، به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ چاكسازییه‌كان په‌سه‌ندكران، جگه له‌مه‌ش له هه‌مان رۆژدا سه‌رۆكی حكوومه‌تی عێراق، چه‌ند بڕیارێكی دیكه‌ی له‌باره‌ی چاكسازییه‌وه ده‌كرد، له‌وانه "قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شتی به‌رپرسانی باڵای عێراق بۆ ده‌ره‌وه، داخستنی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی سه‌ر به‌حكوومه‌ت، هه‌ڵدانه‌وه‌ی دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی و راپێچكردنی تۆمه‌تباران بۆ دادگا..هتد"