فوئاد مه‌عسوم داوای جێگر له‌ عه‌بادی ده‌كات

K24 – ھەولێر

 

له‌ ساته‌وه‌ختی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، فوئاد مه‌عصوم داوای دانانی جێگرێكی له‌ عه‌بادی كرد.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (12-8-2015) "ئیبتسام هیلالی" په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا، رایگه‌یاند: "له‌ساته‌وه‌ختی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆماری عێراق و حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مه‌عسوم داوای دانانی جێگرێكی له‌ عه‌بادی كرد".

هیلالی گوتیشی: "له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی نێوانیان باس له‌ پرسی چاكسازییه‌كان كراوه‌و مه‌عسوم داوای له‌ عه‌بادی كردووه‌ به‌پێی یاسا ئه‌و پرۆژه‌ بڕیارانه‌ جێ به‌جێ بكات و به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستوری پێشه‌ل بكرێت".

روونیشی كرده‌وه‌: " له‌ درێژه‌ی گفتوگۆكانی نێوانیان، مه‌عسوم به‌گرنگی زانیوه‌ جێگرێك بۆ سه‌رۆك كۆماری عێراق دابنرێت، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانی له‌ كاتی ئاماده‌ نه‌بوونی له‌و وڵاته‌".

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو (9-8-2015)، "حه‌یده‌ر عه‌بادی"، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌مه‌به‌ستی باشتركردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان و رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و بنبڕكردنی له‌ ده‌زگا حكومییه‌كانی عێراق، چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد له‌وانه‌ "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پۆستی جێگری هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عێراق  و قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شتی به‌رپرسانی باڵای عێراق بۆ ده‌ره‌وه‌، داخستنی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی سه‌ر به‌حكوومه‌ت، هه‌ڵدانه‌وه‌ی دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی و راپێچكردنی تۆمه‌تباران بۆ دادگا..هتد".