وه‌زيرێكى عێراقى له‌ چاكسازييه‌كانى عه‌بادى ناڕازييه‌

دواى ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى عێراق بڕيارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى 4 وه‌زاره‌ت و يه‌كخستنى 8 وه‌زاره‌تى ده‌ركرد، وه‌زيرێكى وه‌زاره‌تێكى عێراقى ناڕه‌زاييه‌تى خۆى ده‌ربڕى.

K24 – به‌غدا

دواى ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى عێراق بڕيارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى 4 وه‌زاره‌ت و يه‌كخستنى 8 وه‌زاره‌تى ده‌ركرد، وه‌زيرێكى وه‌زاره‌تێكى عێراقى ناڕه‌زاييه‌تى خۆى ده‌ربڕى.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (18-8-2015) فارس جوجو، وه‌زيرى زانست و ته‌كنه‌لۆژياى حكوومه‌تى عێراق، رايگه‌ياند: چاكسازى پێوسته‌ له‌دژى گه‌نده‌ڵى بێت نه‌ك يه‌كخستنى وه‌زاره‌ته‌كان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌يان.

گوتيشى: پێويست بوو له‌سه‌ر حه‌يده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، پێش ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌ بڕيارى چاكسازى سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان و يه‌كخستنى هه‌ندێكى ديكه‌ى ده‌ركردبا له‌گه‌ڵ وه‌زيره‌كان كۆبوونه‌وه‌يه‌كى ئه‌نجامدا بوايه‌.

له‌ درێژه‌ى قسه‌كانيشدا گوتيشى: گه‌لى عێراق داواى دژايه‌تىكردنى گه‌نده‌ڵ و بنبڕكدنى ده‌دات نه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: تاوه‌كوو ئێسته‌ بڕيارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كان و يه‌كخستنى وه‌زاره‌ته‌كان نه‌گه‌يشتووه‌ته‌ وه‌زاره‌ته‌كان تا ئه‌و چركه‌ ساته‌ش به‌رده‌وامن له‌كاره‌كانيان و ده‌وام ده‌كه‌ن.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو، حه‌یده‌ر عه‌بادی، به‌مه‌به‌ستی باشتركردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان و رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و بنبڕكردنی له‌ ده‌زگا حكومییه‌كانی عێراق، چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد له‌وانه‌ "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پۆستی جێگری هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عێراق و قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شتی به‌رپرسانی باڵای عێراق بۆ ده‌ره‌وه‌، داخستنی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی سه‌ر به‌حكوومه‌ت، هه‌ڵدانه‌وه‌ی دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی و راپێچكردنی تۆمه‌تباران بۆ دادگه..هتد".

دوێنێ دووشه‌ممه‌، عه‌بادى، دووه‌مین پڕۆژه‌ بڕیارى چاكسازى راگه‌یاند كه‌ بریتى بوو له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كانى: "مافى مرۆڤ، كاروبارى ژنان، كاروبارى پارێزگاكان و ئه‌نجونى نوێنه‌ران، ده‌وڵه‌ت"، هه‌روه‌ها یه‌كخستنى هه‌ندێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان وه‌ك:

- وه‌زاره‌تى زانست و ته‌كنه‌لۆژیا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا.

- وه‌زاره‌تى شاره‌وانى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ بوون.

- وه‌زاره‌تى گه‌شتوگوزارو شوێنه‌وار له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى.

- وه‌زاره‌تى ژینگه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى.