هەناردەى نەوتى عێراق كەمیكردووە
لە سەرەتاى مانگى ئابەوە، هەناردەى نەوتى عێراق بە ئەندازەى 250 هەزار بەرمیل نەوت، لە رۆژێكدا كەمیكردووە و ئەگەرى ئەوەش هەیە كاریگەرى بكاتە سەر ئاستى بەرهەمهێنانى ئۆپێك

K24 – هەولێر
لە سەرەتاى مانگى ئابەوە، هەناردەى نەوتى عێراق بە ئەندازەى 250 هەزار بەرمیل نەوت، لە رۆژێكدا كەمیكردووە و ئەگەرى ئەوەش هەیە كاریگەرى بكاتە سەر ئاستى بەرهەمهێنانى ئۆپێك و ببێتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت.
لە بەندەرەكانى باشوورى عێراقەوە لە 17 رۆژى سەرەتاى ئەم مانگەوە ئاستى هەناردەكردن لە 3.06 ملیۆن بەرمیلەوە، دابەزییوە بۆ 2.95 ملیۆن بەرمیل.
كێڵگەكانى نەوت لە باشوورى عێراق، پشكى زۆرینەى هەناردەى نەوتى عێراق دابین دەكەن و بە هۆى دووربوونیان لە مەترسییەكانى داعش، تا ئێستا بە بێ گرفت كارى خۆیان دەكەن، بە پێچەوانەى ئەو ناوچانەى مەترسیى پەلامارەكانى داعش رووبەڕوویان بووەتەوە.
لە هەرێمى كوردستانیشەوە، بە هۆى پەلاماردرانى هێڵى نەوتگوێزەرەوەى عێراق – بەندەى جەیهان، ئاستى هەناردەكردنى نەوتى كێڵگەكانى هەرێم و كەركووك كەمى كردووە.
لە حەڤدە رۆژى سەرەتاى مانگى ئابدا رۆژانە هەرێم 200 هەزار بەرمیل نەوتى هەناردەى بەندەرى جەیهان كردووە.
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەك لە كۆمپانیاى نەوتى عێراقەوە رایگەیاند، لە رێى هێڵى نەوت گوێزەرەى كەركووك بۆ بەندەرى جەیهان، ئاستى هەناردەى نەوت دابەزیوە. ئەمە لە كاتێكدایە ئەو ئەندازە نەوتە لە لایەن هەرێمەوە بە شێوەیەكى سەربەخۆ دەفرۆشرێت و پێشتر و لە تەمموزى رابردوودا هەرێم ئاستى هەناردەى نەوتى گەیاندبووە، 517 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.