به‌ريتانيا: پێويسته به ورياييه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تاران بكرێت
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا رايگه‌ياند، هه‌ماهه‌نگى نێوان له‌نده‌ن و تاران بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى پێويسته
K24 – هه‌ولێر
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا رايگه‌ياند، هه‌ماهه‌نگى نێوان له‌نده‌ن و تاران بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى پێويسته و جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه پێويسته كۆمارى ئيسلامى ئێران بۆچوونى خۆى سه‌باره‌ت به ئيسرائيل بگۆڕێت.
فيليب هاموند، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا، له سه‌روبه‌ندى كردنه‌وه‌ى باڵيۆزخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له تاران، ئاشكرايكرد، پێويسته وڵاته‌كه‌ى به ورياييه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلامى ئێران‌دا بكات.
هاموند، گوتيشى: "به هۆى ئه‌و بێ متمانه‌ييه‌ى ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه له نێوان هه‌ردوولادا دروست بووه، پێويسته به ورياييه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تاران‌دا بكرێت".
روونيشيكرده‌وه، هێشتا ژماره‌يه‌ك پرس له نێوان ئێران و به‌ريتانيادا وه‌ك پرسى ناكۆك ماونه‌ته‌وه و هه‌ردوولا له باره‌يانه‌وه نه‌گه‌يشتوونه‌ته تێگه‌يشتنى هاوبه‌ش.
فيليب هاموند، نموونه‌ى به‌وه هێنايه‌وه كه هه‌ردوولا له باره‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش هاوڕان، به‌ڵام سه‌باره‌ت به مافه‌كانى مرۆڤ ناكۆكييان له نێواندايه.
سه‌باره‌ت به تێڕوانيينى تاران بۆ ئيسرائيل، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد، "پێويسته له سه‌ر بنه‌ماى كرداره‌كانييه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئێران بكه‌ين، نه‌ك له رێگه‌ى لێدوانه‌كانه‌وه و پێويسته ئێران هه‌ڵوێست ئاكارى خۆى سه‌باره‌ت به ئيسرائيل بگۆڕێت".
دوێنێ يه‌كشه‌ممه (23.8.2015)، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا، ئاماده‌ى رێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى باڵيۆزخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى بوو له تاران.
ماوه‌ى چوار ساڵ باڵيۆزخانه‌ى به‌ريتانيا له تاران ده‌رگاى داخرابوو، به هۆى ئه‌وه‌ى پێش چوار ساڵ، ژماره‌يه‌ك له گه‌نجانى ئێران هه‌ڵيانكوتابوويه سه‌ر باڵيۆزخانه‌كه.
فيليپ هاموند، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا، بۆ يه‌كه‌مجاره له ماوه‌ى 14 ساڵى رابردوودا سه‌ردانى كۆمارى ئيسلامى ئێران ده‌كات.