به‌په‌له‌: یاریی لوتكه‌ی تێنس له‌ نێوان نادال و جۆكۆ ده‌ست پێده‌كات

نادال هاونیشتیمانه‌كه‌ی له‌ زه‌وی دا

K24 ـ ژووری هه‌واڵ
رافایل نادال بەردەوامە لەسەر ئاستە بەھێزەکەی و بەسێ بردنەوەی لەسەر یەک سەرکەوت بۆ قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانییەتی ماستەرزی لەندەن، ئێستایش له‌ یارییه‌كی لوتكه‌ و ئاگریندا ڕووبه‌ڕووی نۆڤاك جۆكۆڤیچ ده‌بێته‌وه‌.

 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 22 تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2015، له‌ پاڵه‌وانییه‌تی ماسته‌رزی له‌نده‌ن له‌ كات 5:05 خوله‌كی ئێواره‌ نادالی تێنسزانی ئیسپانیا ڕووبه‌ڕووی جۆكۆڤیچی تێنسزانی سڕبی و خاوه‌نی پێشه‌نگی جیهانی ده‌بێته‌وه‌. براوه‌ی ئه‌م یارییه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌گاته‌ یاری كۆتایی پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه‌.

یاریزانە ئیسپانییەکە لە کۆتا یاری خۆی لە کۆمەڵەکەی رووبەرووی داڤید فێرێری ھاونیشتمانی بوویەوە و توانیشتی یارییەکەی لێ بباتەوە.
ھەرچەندە فێرێر کۆمەڵەی یەکەمی بە ئەنجامی حەوت پێنج لە نادال بردەوە بەڵام ماتادۆر توانی دوو کۆمەڵەی لەسەر یەک بە ئەنجامی شەش دوو و شەش چوار بباتەوە و سەربکەوێ بۆ قۆناخی داھاتوو.
جۆكۆ، تێنسزانه‌ سڕبیاییه‌كه‌ش له‌سه‌ر حیسابی تۆماس بیردیچ تێنسزانی چیكی خۆی گه‌یاند یاریی پێشكۆتایی.
له‌ یارییه‌كی دیكه‌ی قۆناخی پێشكۆتاییدا، ئه‌مشه‌و له‌ كات 11:00ـی شه‌و ڕۆجێر فێدێرێر، مایسترۆی سویسرا ڕووبه‌ڕووی ڤاڤرینكای هاونیشتیمانی ده‌بێته‌وه‌.