سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی: پێمان باشبوو كه‌سێكی غه‌یره پارتی به‌رگری له بارزانی بكات
عه‌لی ئه‌دیب، سه‌ركرده له حزبی ده‌عوه، ره‌خنه له سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا ده‌گرێت
K24 - هه‌ولێر:
له كۆبوونه‌وه‌ی فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆماری عێراق، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق، رۆژی 12.12.2015، له به‌غدا، له‌لایه‌ن عه‌لی ئه‌دیب، سه‌ركرده له حزبی ده‌عوه، ره‌خنه له سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا گیراوه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌لا به‌ختیار، له وه‌ڵامی ره‌خنه‌كانی عه‌لی ئه‌دیبدا گوتی: "پێویستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا باشتر بكرێنه‌وه، نه‌ك دوابزمار له تابووته‌كه بده‌ین".
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی له به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌كانی عه‌لی ئه‌دیب، مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه و به‌رگری له سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی كردووه، له‌كاتێكدا خه‌سرۆ گۆران، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی عێراق له كۆبوونه‌وه‌كه ئاماده بووه.
له‌م باره‌یه‌وه خه‌سرۆ گۆران تایبه‌ت به ماڵپه‌ڕی كوردستان 24ی راگه‌یاند، ئه‌وان پێیان باش بووه كه‌سێكی غه‌یره پارتی وه‌ڵامی ره‌خنه‌كانی عه‌لی ئه‌دیب بداته‌وه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به گوێره‌ی ئه‌ته‌كێتی كۆبوونه‌وه‌كه، قسه كردن به ناونووسین بووه و گوتی: "به‌ر له‌وه‌ی نۆره‌ی قسه‌كردنی من بێت، كاك مه‌لا به‌ختیار وه‌ڵامی عه‌لی ئه‌دیبی دایه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "ره‌خنه‌كانی عه‌لی ئه‌دیب له‌لایه‌ن به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه بایه‌خی پێنه‌درا و به هه‌ند وه‌رنه‌گیرا، پێشتریش له‌لایه‌ن به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار وه‌ڵامدرایه‌وه".