نەتەوە یەکگرتووەکان: عێراق مانگی رابردوو 2000 قوربانیی داوە

ئەمڕۆش سێ تەقینەوە بەغدایان هه‌ژاند

K24 - به‌غدا:

تیمی نێردراوی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یۆنامی) رایگەیاند لە مانگی رابردوودا لە عێراق زیاتر لە 2000 کەس کوژراون و برینداربوونە.

یۆنامی لە نوێترین راپۆرتیدا لە بارەی ژمارەی قوربانییەکانی توندووتیژیی چەکداریی و تەقینەوە لە عێراق راشیگەیاند: "مانگی رابردوو 980 هاوڵاتیی عێراقیی بەهۆی توندووتیژییەوە کوژراون کە 506 یان خەڵکی سڤیلن و ئەوانی دیکەشیان پێشمەرگە و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی عێراقن، ئەمە جگە لە برینداربوونی 1244ی دیکە".

یۆنامی دەشڵێ: "بەدرێژایی ساڵی رابردوو لە عێراق 7515 هاوڵاتیی کوژراون و 14855ی دیکەش برینداربوونە".

بەپێی راپۆرتەکەی یۆنامی: مانگی رابردوو تەنیا لە بەغدا 261 هاوڵاتیی کوژراون و 787ی دیکەش برینداربوونە و دوای بەغدا پارێزگای نەینەوا دێ کە 68 هاوڵاتیی تێدا کوژراون و17 دیکەش برینداربوونە.

هەروەها بەپێی راپۆرتەکە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکووک و دیالە هەموویان بەدوای یەکدێن لە ریزبەندی ئاماری قوربانیانی توندووتیژیی چەکداریی و تەقینەوە لە عێراق لە مانگی رابردوودا.

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی میدیاکانی عێراقی ئەمڕۆ سێ بۆمبی چێندراو لە سێ ناوچەی جیاوازی بەغدا تەقینەوە و بوونە هۆی کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی دەیانی دیکە.

هاوکات ئەیان کۆبیش، نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "ساڵی 2015 بە هەزاران هاوڵاتیی عێراقیی کوژران و برینداربوون بەهۆی جەنگ و کردەوەی تیرۆریستیی، ئەمەش رەوا نییە".

بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕی دژی داعش لە عێراق کە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە بەتایبەت شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق کە کۆتایی مانگی رابردوو لە بندەستی چەکدارانی داعش دەرکرا.