بابل.. دوو مزگه‌وتى سوننه‌كان ده‌سووتێنرێن
ئه‌مه‌ش به يه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ى له‌و جۆره‌ى بڕيارى له‌سێداره‌دانى نمر ئه‌لنمرى كه‌سايه‌تى مه‌زهه‌بى شيعه‌كانى سعووديه هه‌ژمار ده‌كرێت.
K24 – حله:
له شارى بابل له باشوورى عێراق دوو مزگه‌وتى سوننه‌كان هێرشیان كرایه سه‌ر و سووتێنران، ئه‌مه‌ش به يه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ى له‌و جۆره‌ى بڕيارى له‌سێداره‌دانى نمر ئه‌لنمرى كه‌سايه‌تى مه‌زهه‌بى شيعه‌كانى سعووديه هه‌ژمار ده‌كرێت.
وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق دووپاتیكرده‌وه، له دره‌نگانێكى شه‌وى رابردوودا، هێرشكراوه‌ته سه‌ر دوو مزگه‌وتى سوننه‌كان له شارى حلله (100 كیلۆمه‌تر له باشوورى به‌غدا).
ئه‌و هێرشه‌ى سه‌ر مزگه‌وتى سوننه‌كان له عێراق، پێده‌چێت كاردانه‌وه‌ى له سێداره‌دانى نمر ئه‌لنمر، كه‌سایه‌تى مه‌زهه‌بى شیعه‌كانى سعوودیه بێت، كه له‌لایه‌ن عه‌ره‌بستانى سعوودییه‌وه رۆژى 2ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2016 له‌سێداره‌درا.
له به‌یاننامه‌یه‌كیشدا، حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق گوتى: "فه‌رمانمان به فه‌رمانده‌یى پرۆسه‌كانى بابل كردووه، راوه دووى داعش و هاوشێوه‌كانی بنێن، كه ده‌ستدرێژیان كردۆته سه‌ر مزگه‌وته‌كان".
عه‌بادى زیاتر گوتى: "ئه‌وانه ده‌یانه‌وێت ئاژاوه بنێنه‌وه و له یه‌كێتى نیشتیمانیى وڵات بده‌ن".
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، سه‌رۆكى دیوانى وه‌قفى سوننه، عه‌بدول له‌تیف هه‌میم، له به‌یاننامه‌یه‌كدا، داواى له موسوڵمانان كرد به تایبه‌تى هاووڵاتيانى عێراق، یه‌كڕیزى بپارێزن.
هه‌میم دووپاتیكرده‌وه: "ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر مزگه‌وته‌كانى بابل هه‌وڵێكه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵانێك كه هیچ جیاوازیان له‌گه‌ڵ داعش نیه".