پرسى رۆژنامهكانى تاران.. بۆچی ئێران مەترسییە بۆ سعوودیە
زیادبوونی ژمارەی بەكاربەرانی تۆڕی كۆمهڵايهتى تلێگرام جێى سهرنجى ميديا بووه.
K24 – تاران:
چاپەمەنییەكانی ئەمڕۆی ئێران تیشكیان خستووەتە سەر ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و سعوودیە، زیادبوونی ئاماری ئاڵودەبووان بە مادەی ھۆشبەر، ھەروەھا زیادبوونی ژمارەی بەكاربەرانی تۆڕی كۆمهڵايهتى تلێگرام له ئينتهرنێتدا.
لە سەروتاری رۆژنامەی مەردم سالار دا، نووسەر پرسیارێكی وروژاندووە؟ بۆچی كۆماری ئیسلامی ئێران مەترسییە بۆ سعوودیە؟ نووسەر ھەوڵیداوە شیكردنەوە بۆ ئەو پرسیارە بكات، نووسیویەتی: "سعوودیە ھەڵەشە و تووڕەیە و لەو گێژاوە سیاسییەدا دەخنكێت و لەناو دەچێت. ئەوەندە بەسە، كە ئێران لەو گۆڕەپانەدا گەمەی سیاسی خۆی لەگەڵ سعوودیە درێژە پێبدات، سعوودیە دۆڕاوە".
"سعوودیە كەوتووەتە پەلەقاژێ"
سەروتاری رۆژنامەی ئێرانیش تایبەتە بە ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و سعوودیە، نووسەر دەڵێت: "سعوودیە لەبەر دوو ھۆكار كەوتووەتە پەلەقاژێوە، یەكەم لەبەر ئەوەی ھەڕەشەی ئەو گرووپە تيرۆریستیانەی لەسەرە كە خۆی پشتیوانیان لێدەكات و لە لایەكی دیكەشەوە تووشی قەیرانی كەمی بوودجە ھاتووە، سەرەڕای ئەوانە گرفتی سەرەكی سعوودیە، نەیاری لەگەڵ ئێرانە، كە ناچاری دەكات بەھایەكی قورسی بۆ بدات".
نووسەری وتارێكی رۆژنامەی شەرق (ریفۆرمخوازەكان) بەو شێوازە شیكردنەوە بۆ لەسێدارەدانی ئەلنمر دەكات: "ھیچ وڵاتێك حەز ناكات كەیسی لەسێداردانەكانی بەسیاسی بكرێت، بەڵام سعوودیە ئەو كارەی كرد و چاوەڕوانی دژكردەوەی ئێران بوو".
لە درێژەی باسەكەی رۆژنامەی شەرقدا نووسەر دەڵێت: "ئێستا پێویستە حكوومەتی ئێران ھەروا بە ئاسانی چاوپۆشی لە رەفتاری ئەو یاساشكێنە سیاسی و كۆمەڵایەتیانەی ناوخۆ نەكات كە ھەڵیانكوتا سەر باڵوێزخانە و كۆنسوڵخانەی سعوودیە، چونكە ئەو كات ناچار دەبێت، چاوپۆشی لەسەرجەم بەرنامەكانی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیش بكات".
لە وتارێكی رۆژنامەی وەقایع ئيتفاقیەدا ھاتووە: "ئەگەر سعوودیە بە چەندین ملیارد دۆلاری خەرجكردبا بۆ ئەوەی شوێنهواره خراپەكانی لەسێدارەدانی ئەلنمر پاك بكاتەوە، بەقەدەر ئەوەی قازانج نەدەكرد، كە ئەو گروپە سەرەڕۆیە لە ئێران ھەڵیانكوتایە سەر باڵوێزخانە و كۆنسوڵخانەی سعوودیە. بە داخەوە ئەوە واقعی كۆمەڵگهی ئێرانە ئەو گرووپە ھەمیشە لەپێناو بەرژەوەندی كاتیدا كار دەكەن. ئێستا ئێران ناچارە وهڵامدەری رەفتاری ھاووڵاتییەكانیی خۆی لەبەرامبەر باڵوێزخانەی وڵاتێك بێت".
تۆڕی پەیوەندی خەڵك و بیرمەندان پچڕاوە
لە راپۆرتێكی رۆژنامەی ئیعتماد دا تایبەت بە كەشی ئێران بەتایبەت بۆ نووسەر و خاوەن راكان ھاتووە: "چالاكی مەدەنی لە كۆی وڵاتانی دونیادا پێویستی بە كەشی ئارام و سەقامگیر ھەیە، كەشێك كە رەخنە و دەربڕینی بیروبۆچوونی تێدا سەركوت نەكرێت. ئەگەر لە ئێران ئەو كەشی ئارام بۆ بیرمەندەكانی پێك بێت، بێگومان زۆربەی كێشە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان چارەسەر دەبن".
هەر لەو رۆژنامەیەدا باس لە كابینەی پێشووی حكوومەت كراوە و نووسراوە: "بەداخەوە كابینەی پێشووی حكوومەت جگە لەوەی تۆڕی پەیوەندییەكانی خەڵك و بیرمەندانی پچڕاند، زۆر بەرنامە بۆ داڕێژراو رێككارە پۆپۆلیستیەكانی لە ئێران سەرخست".
رۆژنامەی ئیعتماد ئاماژەی بە نیگەرانییەكانی وەزیری وزەی ئێران كردووە كە چەند رۆژ بەر لە ئێستا باسی سعوودیە، توركیا و میرنشینە عەرەبییەكانی ناوچەكە دەكات و دەڵێت: "ئێران دوای لاچوونی گەمارۆ ئابوورییەكان دەبێتە زلھێزی ناوچەكە و لە رووی ئابووری و سیاسییەوە باشتر، بەھێزتر و سەقامگیرتر لە سعوودیە و توركیای دەبێت، رۆڵی بەرچاوی عێراق لە بازاری نەوت و سەرمایگوزاری وڵاتی چین لە وڵاتانی ئافریقاییش بارودۆخی سعوودیە سەختتر دەكات.
رۆژانە لە ئێران 70 بۆ 100 كەس گیرۆدە بە مادەی ھۆشبەر دەبن
رۆژنامەی ئارمان (ریفۆرمخوازەكان) نووسیویەتی: "17 ناوەندی نایاسایی وازھێنان لەمادەی ھۆشبەر لە ئێران داخراون". ئەوە لە كاتێكدایە كە بو گوتەی عەلی شەمشیری بەڕێوەبەری شوورای بەرەنگاربوونەوەی مادەی ھۆشبەر رەخنەی لە داخرانی ئەو ناوەندانە گرتووە و گوتوویەتی: "بە گوێرەی ئامارەكان رۆژانە لە ئێران 70 بۆ 100 كەس ئاڵوودە بە مادەی ھۆشبەر دەبن".
تلێگرام زهلكاوێكی خۆشبەڕوروویە
لە رۆژنامە خوراسان نووسراوە: "وەزارەتی گواستنەوە و پەیوەندییەكان نیگەرانی پێگەی ئینتەرنێتی تلێگرامە، ئەو پیگەیە نە وەك میدیایە و نە وەك تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكە، بەڵكۆ ئامرازێكی پەیوەندی مۆبایلە و ھەندێك تایبەتمەندی ھەیە كە دەكرێت ھەم فەیسبووكی لێ دروستبكرێت، ھەم دەزگایەكی پڕوپاگاندە. بە داخەوە بەكارھێنەرەكانی تێلێگرام دەتوانن وێنەی ناشاز و نائەخلاقی تێدا ئاڵوگۆر بكەن. تلێگرام زهلكاوێكی ماڵوێرانكهره، كە خێزانی ئێرانی گیرۆدە كردووە".
ئا: لهيلا قادرى